په‌كه‌كه‌ له‌ “شێخان”يش مه‌ترسى له‌سه‌ر گونده‌كان دروست كردووه‌

لە دوای ڕاپەڕینەوە ژمارەیەک گوندی قەزای شێخان بەھۆی مەترسیی چەکدارانی پەکەکەوە چۆل کراون و قایمقامی قەزای شێخانیش دەڵێت، داوا لە ھاووڵاتییان دەکەین نزیکی ئەو گوندانەی پەکەکەیان تێدایە نەکەون، مەترسی بۆ سەر ژیانییان دەبێت.

سەردار شێخ یەحیا، قایمقامی شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: “چەکدارانی سەر بە پارتی کرێکارانی کوردستان پەکەکە لە دوای ڕاپەڕینەوە بە شێوەیەکی نایاسایی لە ژمارەیەک گوندی سەر بە قەزای شێخان جێگیر بوونە و خەڵکی ئەو گوندانەش بەھۆی نەبوونی ئارامی و بنکەی چەکدارانی پەکەکەوە لە سنوورەکە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ سەر گوندەکانیان، جگە لەوەش پەکەکە مەترسیی بۆ سەر گوندەکانی دیکەش پەیدا کردووە.”

قایمقامی شێخان ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: “تەنیا لە سنووری قەزای شێخان ١١ گوند بەھۆی سیاسەتی پەکەکەوە ئاوەدانییان بۆ نەچووە، وەک گوندەکانی خورت، دەکان، مێرسید، گڤار، مێرگەڤی، ئیستینگین و چەندین گوندی دیکە لەبەر مەترسیی پەکەکە چۆل کراون.”

سەردار شێخ یەحیا ڕوونی کردۆته‌وە: “بە بەردەوامی پەکەکە مەترسی بۆ سەر خەڵکی ناوچەکە پێک دەهێنێت، چونکە زۆر جار بەھۆی ھەبوونی چەکدارانی پەکەکەوە بیانوو دەدرێتە دەست وڵاتی تورکیا و ناوچەکە بوردوومان دەکرێت، ئێستایش داوا لە ھاووڵاتییانی سنووری شێخان دەکەین نزیکی ئەو گوندانەی پەکەکەیان تێدایە نەکەون، بۆ ئەوەی نەبنە ئامانجی فڕۆکەکانی تورکیا، بەتایبەتی ئێستا کە تورکیا ئۆپەڕاسیۆنی دژی پەکەکە دەست پێ کردووە.”

Back to top button