پەیامێک لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستانەوە
لهپەیامێکدا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دهلێت: بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، دەنگ و ڕەنگی ئافرەتانی کوردستان و پرسە ڕەواکەیان بین و دەنگ هەڵبڕین؛ کاتێک هەوڵی بەلاڕێدابردن و کورتکردنەوەی لە تەوەرێکی دیاریکراودا دەدرێت و، دەبێت ژیان و شکۆیان پارێزراو بێت، “
دهقى پهيامى يهكێتى ئافرهتانى كوردستان كه وێنهيهكى نێردراوه بۆ دهزگاى ميديايى ( خواكوڕك ) و تێداهاتووه :” ئێمە لە یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ وەک لە پێناسە و ڕوانگەی ڕێکخراوەکەمان دیاریکراوە، مەبەست و ئامانجمان داکۆکیکردنە لە مافەکانی ئافرەت بەبێ لەبەرچاوگرتنی هیچ جۆرە جیاوازییەک، لەو پێناوەشدا بە میکانیزمی جۆراوجۆر و گونجاو لەگەڵ سەردەم کار لەسەر ئەم پرسە دەکەین. لەو چوارچێوەیەدا لە بەرنامەی کارمان ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو نییە پێیەوە بەسترابینەوە و پابەندی بین.
هەربۆیە، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین، دەنگ و ڕەنگی ئافرەتانی کوردستان و پرسە ڕەواکەیان بین و دەنگ هەڵبڕین؛ کاتێک هەوڵی بەلاڕێدابردن و کورتکردنەوەی لە تەوەرێکی دیاریکراودا دەدرێت، لەو چوارچێویەدا وەک دەبیستین و دەبینین لەم ڕۆژانەدا بە تایبەت لەسەر ئاستی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، هەڵمەتێکی چەندلایەنە هەیە و بابەتەکە ئافرەتە و چەند ئایدۆلۆژیایەکی جیاواز کاری لەسەر دەکەن و دەیانەوێ بە ئاڕاستەیەکدا بیبەن، بە دیاریکراویش بابەتەکە بەکاڵاکردنی ئافرەت و بەکارهێنانیەتی بۆ مەرامی جیاواز و قسەکردنە لەسەر ڕۆڵ و پانتایی کاری ئافرەت، کە بە بڕوای ئێمە خزمەت بە پرسی ئافرەت ناکات.
لە ڕوانگەی ئێمەوە؛ هەموو بەکاڵاکردنێکی ئافرەت و کورتکردنەوەی لە جەستەدا لەهەر بارێکەوە بێت ڕەتکراوەیە و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە مۆڕاڵ بەرزی یان پێشکەوتن و دواکەوتن ناکات، هەموو هەوڵێکی لەو جۆرە گرنگیدانە بە ڕووکەش و پشتگوێخستنی کرۆکە، بەکارهێنانی ئافرەتە بۆ مەرامی ئایدۆلۆژی و سیاسی. بە بروای ئێمە ئافرەت و پیاو لە چوارچیوەی ماڵ و لە فەزای گشتیشدا لە ئەرک و ڕۆڵ و ماف و بەرپرسیاریەتیدا یەکسانن و کاری ناوماڵ ئەرکێکی هاوبەشی ئافرەت و پیاوە و تایبەت نییە بە ئافرەت، کاری ئافرەتیش لە چوارچێوەی ماڵدا دەبێت نرخی ئابوری بدرێتێ وەک کار حسابی بۆ بکرێ نەوەک ئەرک، ئەو باوەڕە دەمێکە بەسەرچووە کە ئافرەت لە فەزای گشتی دوور بخاتەوە و بیباتەوە بۆ کونجی ماڵ و ڕێگەی پێشکەوتن و دەرکەوتنی لێبگرێت.
لە کاتێکدا دژ بەو هەموو ئەو توندوتیژییانە دەوەستینەوە کە لەژێر هەر ناونیشانێک و بەهەر پاساوێک بێت دژ ئافرەتان دەکرێت و پێمانوایە لە پشت ئەو هێرشانەوە ئەجیندای ترسناک و دژە دەرکەوتن و پێشکەوتنی ئافرەت هەیە و پێویستە ئافرەتان ئازاد بن لە هەڵبژاردنی کار و لەهەر بوارێکیش کار دەکەن دەبێت ژیان و شکۆیان پارێزراو بێت، لە هەمانکات پێمانوایە کە هیچ خۆدەرخستنێک، ئەگەر هۆشیارییەکی بەرز و بڕوایەکی هەڵقوڵاو بە پرەنسیبەکانی یەکسانی جێندەری و ڕۆڵی ئافرەت لە پێشخستنی وڵات و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی لە پشت نەبێت، پێشکەوتن نییە و دەبێت هۆشیاری و پێشخستنی فکری هاوئاستی هەر ڕۆڵێک بێت کە ئافرەت بەرجەستەی دەکا و هەرگیز لەگەڵ ئەوە نین، کە ئافرەت هەموو بوونێکی خۆی لە جەستەیدا ببینێتەوە بە هەر بارێکدا بێت. یاخود ئایدۆلۆژیایەکی دیاریکراو جۆرێک لە پۆشاک بەسەر ئافرەتدا بسەپێنێ و ئەوان بە پێی شێوازی جل و بەرگ پێناسە بکا و هەڵسەنگێنی، لەوێشەوە ڕای گشتی لە پرسە بنەڕەتییەکە، کە پرسی یەکسانییە دوور بخاتەوە و هەموان بە ڕووکەش و فۆرمی دەرەوە سەرقاڵ بکا و ئافرەتیش بەو جۆرە ئەجیندایە لە خشتە ببا.
ئافرەتی کورد دەمێکە هۆشیار بووتەوە بە مافەکانی و کوردستان خاوەن هەزاران ئافرەتی بە توانا و داهێنەرە کە هەر خۆیان ئایکۆنن لە گشت بوارەکانی ئەدەب و سیاسەت و فەرهەنگ، هەر ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی تید ئێکس نیشتمان بە چاوی خۆمان بەهرە و کارامەیی کچانی وڵاتەکەمان بینی، دایکانی کورد نمونەی باڵای دایکایەتین و ئافرەتی کورد ڕۆڵی باڵایان هەیە لە نیشتمان پەروەری و خۆشەویستی خاک، ڕۆڵ و خەباتی هەموو ئافرەتانی کوردستان و سەرکەوتنی هەر ئافرەتێکی کورد مایەی شانازیمانە و خاوەنداری لە هەموو دەرکەوتن و سەرکەوتنێکی ئافرەت دەکەین و پشتیوانی توانا و بەهرەکانیانین.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان؛ لە دیدێکی مرۆڤ سەنتەری و باوەڕێکی یەکسانخوازییەوە لە پرسی ئافرەت دەڕوانێت و پێیوایە پرسی ئافرەت پرسێکی گشتگیرە و پەیوەندی بە هەموو تەوەرەکانی ژیان هەیە و نادادپەروەریی بەرامبەری لە هەموو جومگەکانی کۆمەڵگە و لایەنەکانی ژیان بەدی دەکرێت. هەربۆیە تێکۆشانی ئێمە و هەموو بڕواداران بە ماف و پرەنسیبە مرۆڤایەتییەکان؛ بۆ کۆمەڵگەیەکی یەکسانە لە ئەرک و ماف و دەرفەت و بەرپرسیاریەتی.
یەکێتی ئافرەتانی کوردستان
۱۳ی شوبات ۲٠۲۱