مەسرور بارزانی پێشوازی لە نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد

ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/14، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە جێنین پلاسخارت نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی عێراق و دوایین پێشهاتەکانی دانوستانی نێوان حکوومەتی هەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵی و میکانیزمەکانی چارەسەرکردنی کێشەکان کرا، بەتایبەتی جێگیرکردنی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021.

هەردوولا هاوڕابوون لە سەر ئەوەی پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا، کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدراڵی چارەسەر بکرێن و ماف و شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال کرایەوە کە دەبێت وەکو خۆی جێبەجێ بکرێت لە پێناو گەڕانەوەی ئارامی و سەقامگیریی بۆ دەڤەرەکە.

Back to top button