عوسمان ئۆجەلان: ھەنگاوەکانی پەکەکە دژی ھەرێمی کوردستان هەڵەن

پەکەکە بەردەوام کێشە بۆ ھەرێمی کوردستان دەنێتەوە و بەھانەیشی داوەتە دەست تورکیا بۆ بەزاندنی سنووری ھەرێمی کوردستان. سیاسەتمەدارێکی باکووری کوردستانیش پێی وایە، پەکەکە ناتوانێت لەسەر خاکی ھەرێمی کوردستان ئامانجەکانی بەدەست بێنێت و زانیاریی هەڵەش لەبارەی باشووری کوردستان بڵاو دەکاتەوە.

عوسمان ئۆجەلان،بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووه‌: “ئەنجامدانی ئۆپەڕاسیۆنی چنگی پلنگ لەلایەن تورکیا بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان ھیچ پەیوەندییەکی بە ھەرێمی کوردستانەوە نییە و پڕۆپاگەندەی پەکەکەش بە تۆمەتبارکردنی پارتی بۆ ھاوکاریی تورکیا ھیچ بنەمایەکی نییە.”

لەبارەی بەکارھێنانی خاکی باشووری کوردستان لەلایەن پەکەکەوە ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتی: “پەکەکە ئیدیعای ئەوە دەکات لەنێو خاکی کوردستانە، بەڵام پێم وا بێت ئەو سیاسەتەی پەکەکە هەڵەیە و ناتوانین وەڵامی پرسیارێک بدەینەوە کە لە جێگەی خۆیدا نەبێت، مەبەستم ئەوەیە زانیاریی پەکەکە هەڵەن لەبارەی باشووری کوردستانەوە.”

عوسمان ئۆجەلان ڕوونی کردەوە: “ئاشکرایە پەکەکە ناتوانێت لەنێو باشووری کوردستانەوە ئامانجەکانی بەدەست بێنێت، ھەنگاوەکانی پەکەکە ئێستا لەجێی خۆیدا نییە، واتە ھەنگاوەکانی ئێستای پەکەکە زۆر ناپەسەندن، پێویستە مرۆڤ ئەو ڕاستییەش بەرچاو بکات، باکوور و باشووری کوردستان جیاوازن.”

Back to top button