سه‌رۆك بارزانی: برا و هاوڕێی تەمەن و دۆستی نزیك و هاوسەنگەرێكی خۆشەویستم لەدەست دا

بەهۆی کۆچی دوایی د. رۆژ نوری شاوەیس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی ، په‌یامێكی هاوخه‌می بڵاو كرده‌وه‌.
ده‌قی په‌یامه‌كه‌:
بەناوی خودای مەزن و دلۆڤان
بەداخێكی زۆرەوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە 15ـی شوباتی 2021 پێشمەرگەی ماندوونەناس و تێكۆشەر و خەباتگێڕی نیشتیمانپەروەری گەلەكەمان و ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس بەهۆی نەخۆشییەوە لە شاری هەولێر كۆچی دوایی كرد. دكتۆر ڕۆژ نووری شاوەیس ئەو شۆڕشگێڕ و پێشمەرگە مەزنە بوو كە لە قۆناغە جیاجیاكانی خەباتی گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان، چ لە سەردەمی شاخ و چ لە قۆناغی سەروەریی یاسا و بەڕێوەبردن و ئاوەدانكردنەوەی كوردستان و قۆناغی دەستوور و بنیاتنانی عێراقی تازە و كاری سیاسی و دیپلۆماسی و شەڕی تیرۆردا بەرگریكاری سەرسەختی بەها و ئامانجەكانی گەلی كوردستان بووە و، هەمیشە ئەرك و كارەكانی دڵسۆزانە و پێشمەرگانە و بە باشترین شێوە ئەنجام داوە.
دكتۆر ڕۆژ تەمەنی خۆی لەپێناو دۆزی ڕەوای گەلی كوردستان و بەدیهاتنی ئامانجە باڵاكانی گەلی كوردستان و بەرگریكردن لە خاك و گەل تەرخان كرد و، لەو ڕێگەیەدا پێشمەرگەیەكی بوێر و بە وەفای ڕێبازی بارزانی و كوردایەتی بوو. كۆچی دوایی دكتۆر ڕۆژ بۆ هەموومان كۆستێكی گەورەیە و لەدەست دانی بۆ خەڵكی كوردستان و پارتی خەسارەتێكی گەورەیە. كوردستان سەركردە و كەڵەپیاو و شۆڕشگێڕێكی مەزنی لەدەست دا. منیش برا و هاوڕێی تەمەن و دۆستی نزیك و هاوسەنگەرێكی خۆشەویستم لەدەست دا.
سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی نیشتیمانپەروەری دكتۆر ڕۆژ و سەركردایەتیی و كادیر و ئەندام لایەنگرانی پارتی و هەڤاڵ و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ و شاری هەڵمەت و قوربانی و، هەموو خەڵكی كوردستان و ئازادیخوازانی عێراق و جیهان دەكەم.
لە خودای مەزن داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو دكتۆر ڕۆژ بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیه راجعون

مەسعود بارزانی
15ـی شوباتی 2021

Back to top button