پەیامی هاوخەمیی مەسرور بارزانی بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2021/02/٢٠٢١٠٢١٥_١٣١٨٣٦.jpg)
پەیامی هاوخەمیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی تێکۆشەری ناسراوی کوردستان د.ڕۆژ نووری شاوەیس
ئەمەش دەقی پەیامەكەیە..
بە خەمگینی و ماتەمینیەکی قووڵەوە، هەواڵی کۆچی دوایی سیاسەتکار و پێشمەرگەی ئازا و فەرماندەی بە توانا و تێکۆشەری ناسراوی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی، (د. ڕۆژ نووری شاوەیس) لە ناخەوە زۆر خەمباری کردم.
د.ڕۆژ و بنەماڵە نیشتمانپەروەرەکەی ، ڕۆڵێکی دیار و گرنگییان لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا هەیە و بە کۆچی دوایی د.ڕۆژیش، گەلی کوردستان تێکۆشەرێکی گەورە و سیاسەتکارێکی بە ئەزموونی لە دەستدا کە لە هەموو ئەو ئەرک و بەرپرسیاریەتییە گرنگانەی لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەیبووە ، هەمیشە داکۆکیکارێکی بەهێزی مافەکانی خەڵکی کوردستان بوو و نموونەی وەفاداری بوو.
بەم بۆنە خەمناکەوە ، پرسە و سەرەخۆشی لە جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرکردایەتی و ئەندامانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لە خۆمان و بنەماڵەی بەڕێز و تێکۆشەری خوالێخۆشبوو د. ڕۆژ دەکەم . خوای مەزن گیانی بە بەهەشت شاد بکات و ئارامیی و دڵنەواییش بە هەموومان ببەخشێت.
خەبات و تێکۆشانی د.ڕۆژ، هەمیشە لە یادماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/2/15