نێچيرڤان بارزانى بۆ كۆچى دوايى د.رۆژ نورى شاوه‌يس:لەدەستدانی زیانێكی زۆر گەورەیە.. پرسەکەی پرسەی هەموو گەلی کوردستانە

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی کۆچی دوایی د. رۆژ نووری شاوەیسەوە پرسە و سەرەخۆشیی خۆی ئاراستەی بنەماڵەکەی و هەموو گەلی کوردستان دەکات و دەڵێت “لەدەستدانی زیانێكی زۆر گەورەیە.. پرسەکەی پرسەی هەموو گەلی کوردستانە”.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ كۆچی دوایيی د. رۆژ نووری شاوەیس:

بەڕێزان بنەماڵە و هاوسەنگەران و هەڤاڵانی د. ڕۆژ نووری شاوەیس

هەواڵی كۆچی دوایيی پێشمەرگەی فەرماندە و سیاسەتكاری ناوداری كوردستان و ئەندامی مەكتەبی سیاسيی پارتی دیموكراتی كوردستان د. ڕۆژ نووری شاوەیس، زۆر خەمناك و دڵتەنگی كردین. بەو بۆنەیەوە سەرەخۆشی لە ئێوەی بەڕێز و هەموو گەلی كوردستان دەكەم، هاوخەمی هەر هەمووتانم.

د. ڕۆژ وەك پێشمەرگە، فەرماندەیيی چەندین داستان و سەركەوتنی گەورەی پێشمەرگەی كردووه‌. پێشمەرگەیەكی ئازای ئەوتۆ بوو، هەموو هاوسەنگەرێكی، شایەتی بۆ ئازایەتی و پێشڕەوییەكەی ده‌ده‌ن. وەك سیاسەتكار كەسێكی پشوودرێژ و دانوستاندكارێكی زۆر سەركەوتوو بوو، هەمیشە بەبێ دەستهەڵگرتن لە مافەكانی گەلی كوردستان، ڕێگەیەكی سازان و ڕێككەوتنی دەدۆزیەوە. له‌به‌ر لێزانی و سەركەوتوویی لە كاردا، جێگەی ڕێزێكی تایبەتى جەماوەر و سەركردایەتيی پارتی دیموكراتی كوردستان و هەموو لایەنە سیاسییەكانی كوردستان بوو.

وەك سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمان لە كوردستان، ڕۆڵێكی بەرچاوی لە جێبەجێكردنی پڕۆژەكان و دەركردنی یاسای زۆر باش بۆ خەڵكی هەرێمی كوردستان هەبووە. لەسەر ئاستی عێراق وەك جێگری سەرۆك وەزیران ڕۆڵێكی بەرچاوی لە پاراستنی مافەكانی گەلی كوردستاندا هەبوو. لە هەموو قۆناغ و پێگەكانیدا بە ڕاستی و بە كردەوە، نیشتمانپەروەریی ڕاستەقینەی خۆی دەنواند.

كاتێك د. ڕۆژ بووە سەرۆكی كابینەی سێیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، شانازيی ئەوەم هەبوو وەك جێگری به‌ڕێزيان لە حكوومه‌ت كار بكەم و لە ئەزموون و شارەزاییەكەی فێر ببم، هەروەك چۆن خۆی و نەوەی زێڕینی سەركردایەتيی پارتی، دوای كۆچی دوایيی باوكم، زۆریان فێر كردم و زۆریش پشتیوانم بوون. د. ڕۆژ وەك یەكێك لەو نەوە زێڕینەی پارتی كه‌ جێگەی ڕێزێكی زۆر تایبەتن، له‌ ڕۆژگارى زۆر سه‌خت و ته‌نگانه‌دا هەر زوو ئاڵای خەباتیان بەرز كردەوە و بە دڵگەرمییەكی زیاترەوە درێژەیان بە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازيی نیشتمانيی كوردستان دا.

د. ڕۆژ نووری شاوەیس كە لەدایكوباوكییەوە ڕۆڵەی بنەماڵەیەكی ناودار و ڕۆشنبیر و شۆڕشگێڕی سلێمانی بوو. كەسێكی زۆر بە توانا بوو، هەموو توانا و گەنجييه‌تيی خۆی بەخشییە گەلەكەی. لەدەستدانی، زیانێكی زۆر گەورەیە بۆ هەموو گەلی كوردستان، بۆیەش پرسه‌كه‌ى، پرسەی هەموو گەلی كوردستانە. د. ڕۆژ بە تێكۆشانی سەخت و دڵسۆزانەی بۆ نەتەوەكەی و هەموو گەلی كوردستان، ناوی خۆی بۆ هەمیشەیی لە مێژووی كوردستاندا نەخشاند.

خوای مه‌زن گيانى شاد بكات و دڵنەوایی بە بنەماڵە و كەسوكار و هەڤاڵانى و هه‌موو گەلی كوردستان ببەخشێت.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
2021/2/15

Back to top button