تیرۆریزمی بیری ئازاد
سەركوتكردن هەر سەركوتكردنە، جەستەیی یان هزری و دەروونی بێت. كاریگەری ئەوەی یەكەمیان لایەنە فیزیكییەكەی مرۆڤە، ئازاری گۆشت و ئێسك و خوێنە، بەڵام ئەوی تریان گوشارە بۆ سەر دڵ و دەروون، ئازاردانی ویژدان و مێشك و عەقڵ و دەروونە، كە ئەمەش بەدوای خۆیدا رەنگە هەرەس بە مرۆڤ بهێنێت، كە هەندێجار هەستپێكراوە و هەندێجاریش هەستی پێناكرێت.
تیرۆری بیری ئازاد كە دژی ئازادی رادەربڕین و دیموكراسییە، هەڕەشەیە بۆ سەر بیركردنەوە و گوزارشتی ئازادانەی بیروبۆچوونەكان، رێگەگرتن و دروستكردنی بەربەستی كۆنكریتییە لەبەردەم دەربڕینی ناخی تاكەكانی كۆمەڵگە. خەڵك كاتێك یەقین بوو كە لە شوێنێك كۆمەڵێك دەمدرێژی بێحەیا و شەلاتی خاوەن كەناڵی میدیایی و پڕوپاگەندەچی لە بۆسەدا وەستاون، بۆ ئەوەی هەر كەسێك قسەیەك بكات و رستەیەك بنووسێت ئەگەر بەدڵی ئەوان و گرووپ و حیزبەكانیان نەبێت، ئەوا وەك لێزمەی باران تۆمەتی بەسەردا ببەخشنەوە و بە پێوەرە لۆكاڵییەكانی كۆمەڵگەی كوردی ریسوای بكەن، ئەوا ئەو خەڵكە سڵدەكاتەوە، سانسۆری خودی لەسەر قسەكان و بیركردنەوە و نووسین و تەنانەت هەڵسوكەوت و ژیانی رۆژانەشی دروست دەكات.
بیردەكاتەوە و دوودڵ دەبێت لەو قسانەی دەیەوێ لەنێو خەڵك و لەسەر تۆڕە كۆمەڵایەتیيەكان و شوێنە گشتیيەكان بیڵێ، وردەوردە هەڵسوكەوتی دەگۆڕێت و دواجار دوای ماوەیەك نەوەیەكی مەڕئاسا و كەمدوو بەرهەمدێت، چونكە سڵكردنەوە و ترس لە قسەكردن و گوزارشتی ئازادانە دەبێتە نەریت و بێئەوەی هەستی پێبكرێت كۆمەڵگەیەكی مات و بێدەنگ دروست دەبێت.
ئەو كەسانەی تیرۆری بیر پەیڕەودەكەن، بە بەرنامە كاردەكەن، ئامراز و كەناڵی میدیایی جۆراوجۆریان لەبەردەستە و سڵ ناكەنەوە لە شكاندنی هەیبەت و بەزاندنی بەها كۆمەڵایەتی و ئەخلاقییەكان، هەستی پێبكەن یان نا قەناعەتی میكاڤیلیان كردووەتە بنەمای كاركردنیان و بۆ ئەوەی بگەن بە مەرامەكانیان هەموو رێگەیەك دەگرنەبەر، چونكە ئەوانە پێیانوایە دەبێ هەموو خەڵك وەكو خۆیان بیربكەنەوە و ئەگەر گوتیان ماست رەشە ئیتر نابێ كەس بڵێ سپییە و بۆیان راستبكرێتەوە، ئەگەر ئەوان گوتیان قیق ئیتر مەفروزە هەموو خەڵك بەدوایاندا بڵێن قیق! ئەگینا ئامادەن بۆ شكاندنی ئەو كەسانەی وەك ئەوان بیرناكەنەوە.
تاوانی تۆقێنەرانی بیری ئازاد شتێكی ئەوتۆی كەمتر نییە لە تاوانی ئەو تیرۆریستانەی خەڵك تیرۆر دەكەن و تەقینەوە ئەنجام دەدەن. دەرئەنجامی تەقینەوە و خەڵك كوشتن هەنووكەییە و یەكسەر دەردەكەوێت، وەلێ دەرهاویشتەی رەفتار و كردەوەی تیرۆریستانی بیری ئازاد بە تێپەڕبوونی كات دەردەكەوێت و كاریگەریشی لەسەر تەواوی كۆمەڵگەدا هەیە، ئاسایشی نەتەوەیی و كۆمەڵایەتی هەمووی دەخاتە مەترسی و شیرازەی كۆمەڵگە تێكدەدات و ململانێی ناشیاو لەسەر ئاستی تاك و گرووپ بەرهەمدێنێت.
ئەمڕۆ لە كۆمەڵگەی باشووری كوردستاندا، تۆقاندنی خەڵك بەدیدەكرێت، گوزارشتكردن لە بۆچوون و بیری ئازاد و جیا بۆ زۆرینەی كۆمەڵگە خەریكە لەسەر دەستی چەند گرووپ و لایەنێك بەرتەسك دەبێتەوە، چونكە كۆمەڵگە بێكەسە، نە یاسا لە بەرژەوەندی ئەو دایە و نە دەسەڵات و هێزی چەكدار و نە كەناڵەكانی میدیاش، هەموو ئەو شتانە ئامرازن بەدەست بەشێك لە تیرۆریستانی بیری ئازاد كە درێغی ناكەن لە بەكارهێنانیان.
خەڵك تەنها تۆڕی كۆمەڵایەتی لەبەردەست بوو، بەڵام ئەمەش بووەتە ئامرازێك بەدەست تیرۆریستانی بیری ئازاد، لەوێش خەریكە تاكەكانی كۆمەڵگە لەترسی ئەو تیرۆریستانە نەتوانن راشكاوانە و ئازادانە هەموو شتێك بڵێن و گوزارشت لە ناخ و دەروون و بۆچوونەكانیان بكەن، ناچار ئەمڕۆ بەوریاییەوە قسە دەكەن و دەنووسن، ناوێرن بەتەواوی بۆچوونیان لەسەر پڕۆسەی سیاسی، لەسەر هەندێ لە سیاسەتمەدارە گەندەڵ و سەقەتەكان، لەسەر چارەنووسی نیشتمانەكەیان و مەسەلەی سەربەخۆیی و لەسەر كێشەی شار و پارێزگاكان و گەڕەكەكانیش دەربڕن.