كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكا لە ھەولێر: نابێ پەكەكە لە شنگال ھیچ ڕۆڵێكی ھەبێ

خواكوڕك
دوای هێرشی داعش بۆ سەر ناوچەكوردستانیەكان بە تایبەت شنگاڵو دەوروو بەری, پارتی كرێكارانی كوردستان چەند بنكەو بارەگایەكیان لە نزیك شنگاڵ و سەنتەری شار كردۆتەوە كە ئەمەش بووەتە هۆی نەگەڕانەوەی بەشێكی زۆر خەلكی ئەم شارە بۆسەر ماڵ‌و مولكیان,كونسوڵخانەی گشتیی ئەمەریكاش لە ھەولێر, رادەگەیەنێ كە ئەمریكا پارتی كرێكارانی كوردستان (PKK)ی وەك رێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندووە و نابێ ھێزەكانی پەكەكە لە شنگالدا ھیچ رۆڵێكیان ھەبێت، چونكە دەبنە بەربەست لەبەردەم ئاشتەوایی و گەڕنەوەی ئاوارەكاندا.

ئاراستەی كونسوڵخانەی گشتیی ئەمریكا لە ھەولێر بە باس نیوزی گوتووە: ”ئێمە باوەڕمان وایە ئەمریكا (PKK)ی بە ڕێكخراوێكی تیرۆریستی ناساندووە، نابێت ھیچ ڕۆڵێكی لە شنگال ھەبێت و بوونی ھێزەكانی پەكەكە لەو ناوچەیە بە بەربەستێكی گەورە دەزانین لەبەردەم ئاشتەوایی و گەڕانەوەی ئاوارەكان“.

هەروەها هەفتەنامەی باس لە سەرچاوەیەكی ئاگادار, چەند زانیارییەكانی دەست كەوتووە كە، ئەمەریكا فشارەكانی خۆی بۆ سەر PKK زیاد كردووە و ھۆشداریشی داوەتە قەندیل كە سنوورێك بۆ دەستوەردانیان لە كاروباری ھەرێمی كوردستان و رۆژئاوا دابنێن و دوور بكەونەوە لەو ئەجێندا ئێرانییەی كە جێبەجێی دەكەن.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، نزیكەی دوو مانگ لەمەوبەر شاندێكی ئەمریكی سەردانی سنگال و سنوونێ و چیای شنگالی كردووە، گەیشتووەتە دەرەنجامێكی گرنگ لە یەكلاكردنەوەی فایلی دوورخستنەوەی پەكەكە لە شنگال.

بەپێی ئەو سەرچاوەیە، دوایین گۆڕانكاری لەو مەسەلەیەدا بڕیاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە بە رێكخستنی ھێزەكانی حەیدەر شەشۆ (ھێزەكانی پاراستنی ئێزیدخان) لە چوارچێوەی ھێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستاندا.
هەروەها سەرچاوەكە ئەوەشی خستە ڕوو،‌ ئەو بڕیارەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، قەندیلی تووشی شۆك كردووە، چونكە ئەگەرچی پەكەكە دوو ھێزی بە ناوەكانی (یەپەشە) و (یەپەژە) لە شنگال ھەیە، بەڵام لەڕاستیدا گرەوی گەورەی PKK لەسەر ھێزەكەی حەیدەر شەشۆ بووە، كە بە گەورەترین ھێزی دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان دادەنرێت لە ناوچەكەدا.

سەرچاوەكەی باس ئەوەشی ئاشكرا كردووە، پێشتر لە رێی پەیوەندییەكانی لەگەڵ بەغدا، PKK ھەوڵی ئەوەی داوە بەغدا بە فەرمی مامەڵە لەگەڵ ئەو ھێزەیاندا بكات و بودجە و پێداویستیی سەربازییشیان بۆ دابین بكات، بەشێوەیەك گرەوی سیاسیی پەكەكە لە شنگال لەسەر حەیدەر شەشۆ و ھێزەكەی بوو، كە چەند جارێك حەیدەر شەشۆ سەردانی قەندیلی كردووە و لەگەڵ جەمیل بایك دانیشتووە، بەڵام بڕیاری سەرۆكی ھەرێمی كوردستان و رەزامەندی دان بە رێكخستنی ئەو ھێزەی حەیدەر شەشۆ لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا، پەكەكە پێی وایە كە زیانێكی گەورەی لێ كەوتووە،‌ بەو پێیەی ئەو ھێزە سەرجەمیان خەڵكی ناوچەكەن و كاریگەریی گرنگیان ھەیە لە سنوورداربوونی پێگەی پەكەكەدا.

سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكرا كرد، لە سەردانەكەی شاندە ئەمریكییەكە بۆ چیای شنگال، ئەوكات ئەو شاندە بە ھیچ شێوەیەك قایل نەبووە حەیدەر شەشۆ ببینێت، تەنیا پەیامێكی بۆ ناردووە كە ئەگەر ئەو ھێزە لە چوارچێوەی ھێزەكانی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمدا رێك نەخرێت، بە ھیچ جۆرێك مامەڵەی لەگەڵدا ناكرێت و وەكو بەشێك لەو كێشەیە سەیر دەكرێت كە پەكەكە لە شنگال دروستی كردووە.

شایەنی باسە، پەكەكە كە لەدوای ھێرشی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠١٤ ھاتووەتە شنگال و دوو ھێزی بەناوی یەكینەكانی بەرخودانی شەنگال و یەكینەكانی پاراستنی ژنانی دروست كردووە.

Back to top button