وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: ئەمریکا زۆر تووڕەیە لەو هێرشە مووشەکییەی سەر هەرێمی کوردستان

ئەمڕۆ سێشەممە، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا گوتی، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا زۆر تووڕەیە بەهۆی ئەو هێرشە مووشەکییەی دوێنێ شەو بۆ سەر هەرێمی کوردستان کە بووە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی مەدەنی و برینداربوونی ژمارەیەکی دیکە کە لەنێوانیاندا سەربازێکی ئەمریکی هەیە.

بلینکن لە راگەیاندراوێکدا گوتی: پەیوەندیم بە مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە کرد بۆ تاوتووکردنی هێرشەکە و بەڵێندان بۆ پاڵپشتیمان بۆ هەموو ئەرکەکان بە مەبەستی لێکۆڵینەوە و لێپێچینەوەی بەرپرسانی ئەو هێرشە.

هاوکات گوتەبێژێک بەناوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا بە میدیاکانی راگەیاندووە، 14 مووشەک بنکەیەکی ئەمریکی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان کردە ئامانج کە بوونە هۆی کوژرانی بەڵێندەرێکی مەدەنی و برینداربوونی 5 کەسی دیکە و سەربازێکی ئەمریکی.

Back to top button