قوباد تاڵەبانی: سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان ڕای دەگەیەنێت، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵ ناكرێت بیخاتە مەترسییەوە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە پەیامێكیدا هاتووە، بەداخەوە شەوی ڕابردوو هێرش كرایە سەر هەولێری پایتەخت و ژمارەیەك قوربانیی لێ كەوتەوە.
جێگری سەرۆك وەزیران ڕای دەگەیەنێت، پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی كوردستان هێڵی سوورە، لە هیچ كەس و لایەنێك قبووڵ ناكرێت بیخاتە مەترسییەوە.
باسی لەوەش كردووە، ئەم هێرشەش زەنگێكی وریاكردنەوەیە بۆ هەموو لایەكمان، بۆ ئەوەی یەكڕیز و یەكدەنگ بین لە رووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكان، هەروەها ئەم رووداوە و پێشینەكانی دەریانخست كە دەبێت حكوومەتی فیدراڵ و حكوومەتی هەرێم هاوئاهەنگی زیاتر بكەن بۆ نەهێشتنی بۆشایی تەناهی لە ناوچە جێناكۆكەكان و پڕكردنەوەی درز و كەلێنەكان.
تاڵەبانی دەڵێت، كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و وڵاتانی هاوپەیمانیش پێویستە ئەم مەترسییانە بە رژدی وەربگرن و یارمەتیدەرمان بن بۆ بنەبڕكردنی تیرۆر و سزادانی گرووپە لە یاسا دەرچووەكان.
ئەم هێرشە دوای ئەوە هات ڕۆژی 30ـی ئەیلوولی ساڵی ڕابردوو گرووپە میلیشیاكانی سەر بە ئێران، سێ مووشەكی تریان ئاراستەی فڕۆكەخانەی هەولێر كرد كە بارەگای سەرەكی هێزەكانی هاوپەیمانانیشی لێیە.