سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە باڵوێزی دانیمارك دەكات
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستیگ پاوڵۆ پیراس باڵوێزی دانیمارك لە عێراق كرد.
ئەمڕۆ سێشەممە، لە ڕاگەیەنراوێكی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە ستیگ پاوڵۆ پیراس باڵوێزی دانیمارك لە عێراق كرد.
لە دیدارێكدا وێڕای دووپاتكردنەوەی هاوسۆزیی دانیمارك لەگەڵ هەرێمی كوردستان بۆ هێرشەكەی شەوی ڕابردوو لەسەر هەولێر، هەردوولا برەودان بە پێوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق لەگەڵ دانیمارك، گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكانیان، بودجەی گشتیی عێراق بۆ ئەمساڵی 2021 و پشكی هەرێمی كوردستان، هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق، ڕۆڵی نەتەوە یەكگرتووەكان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاری و پشتگیریكردنی عێراق بۆ تێپەڕاندنی كێشە و قەیران و ڕووبەڕووبوونەوی تەحەدییەكانیان، تاوتوێ كرد.
نێچرڤان بارزانی بۆ دووبارە كردنەوەی باڵوێزخانەی دانیمارك لە بەغدا، پیرۆزبایی لێ كرد و بە هەنگاوێكی گرنگی بۆ هاوكاریكردنی عێراق زانی، هەروەها سوپاسی پشتگیری و هاوكارییەكانی دانیماركی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا كرد، بەتایبەتیش مەشق و ڕاهێنان بە سوپای عێراق و پێشمەرگە لە چوارچێوەی ئەركی ناتۆ، هەروەها هیوای خواست دانیمارك هاوبەشی و هاریكاری لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان زیاتر بكات و گرنگی بە بواری وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی دانیماركی لە هەرێمی كوردستان بدات.
گرنگیی پاراستنی سەقامگیری و هەبوونی هاوئاهەنگیی تەناهی و سەربازیی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدراڵی عێراق لە ناوچەكانی مادەی 140، دوایین پێشهاتەكان لەبارەی بڵاوبوونەوەی كۆڤید_19 و هەنگاوەكانی كوتان بە ڤاكسینی دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا، دۆخی ناوچەكە بەگشتی و چەند بابەتێكی جێی بایەخی هاوبەش، بەشێكی تری دیدارەكە بوون.