سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە ١٦ـی شوباتی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیگ پاوڵۆ پیراس باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق نیگەرانی خۆی بە هێرشە مووشەكییەكەی شەوی ڕابردوو بۆ سەر شاری هەولێر نیشان دا و پێزانینیشی هەبوو بۆ ئەو سەقامگیری و ئارامی و پێشكەوتنەی كە لە ساڵانی ڕابردوو و ئێستا لە هەرێمی كوردستان هاتووەتە ئاراوە. باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق ئەوەشی خستەڕوو كە وڵاتەكەی هاوبەشی هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتیی دژی تیرۆر و بەشدار بووە لە مەشق و ڕاهێنان بە هێزەكانی عێراقی و هێزی پێشمەرگەی كوردستان. جەختیشی لەوە كردەوە كە پێویستە كێشەكانی نێوان هرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ لە ڕێگەی ئاشتی و دیالۆگ چارەسەر بكرێت.
هەر لەو كۆوبوونەوەیەدا پەیوەست بە هەڕەشەی تیرۆر سەرۆك بارزانی ئەوەی ڕاگەیاند كە تێكشكاندنی تیرۆر هەوڵێكی هەمەلایەنە و فرە ڕەهەندی پێویستە. ڕاستە ئێستا داعش لەڕووی سەربازییەوە شكاوە بەڵام ئەو هۆكارانەی كە بوونەتە هۆی سەرهەڵدان و بەهێزبوونی تیرۆر وەك خۆی ماونەتەوە. لەبارەی كێشەكانی نێوان هەرێم و حكوومەتی فیدڕاڵ سەرۆك بارزانی ئەوەی دووپات كردەوە كە پێویستە ئەو كێشانە لەڕێگەی دیالۆگ و لە چوارچێوەی دەستووردا چارەسەر بكرێن. جێبەجێكردنی دەستوور عێراق سەقامگیریی لێ دەكەوێتەوە و دەبێتە هۆی ئەوەی پێكهاتەكانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ یەكتردا بژیین.
بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق تەوەری دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوون.