ئەحمەد تورك: بارزانی گوزارشت لە ئایندەی كورد دەكات
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئەحمەد تورك لە٢١-١١_-٢٠١٦ تورك دەستگیر كرا, بە هۆی خراپی باری تەندروستی لە بەندیخانە ئازاد كرا ئێستا لە ژێر چاودێری پۆلیسی توركیا لە ماڵ درێژە بە ژیانی دەدا, لە چاو پێكەوتنێكی میدیایی رایدەگەیەنێت:” بارزانی گوزارشت لە ئایندەی كورد دەكات”
ئەحمەد تورك لە دیمانیەكی لەگەڵ هەفتەنامەی (باس)دەلێت:” پێویستە پارتە سیاسییە كوردییەكان یەكگرتوو بن و بە یەكەوە ھەنگاو بنێن، چونكە ئەگەر یەكگرتوو بن دەتوانن بەسەر ھەموو كێشەكاندا زاڵ بن و كەموكوڕییەكانی خۆیان راست بكەنەوە. ھەروەھا مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستانیشی پێ سەرۆكێكی شیاوە بۆ ئەوەی پەیوەندیی نێوان حزبەكانی باشوور باش بكات و ئەو ناخۆشییەی دروست بووە بڕەوێنێتەوە.
هەروەها ئەحمەد تورك دەڵێت:” بەر لە ھەر شتێك پێویستە پارتە سیاسییەكانی كوردستان و ھەروەھا سیاسییەكان یەكتری ببینن و گفتوگۆی جدی لەسەر ئایندەی كورد بكەن، چونكە ئەگەر پارتە كوردییەكان لەیەكتری نزیك ببنەوە كێشەكانیش چارەسەر دەبن و كەموكوڕییەكان راست دەكرێنەوە، لەمڕۆدا مەسعود بارزانی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، گوزارشت لە ئایندەی كورد دەكات، ئەو دەتوانێت رۆڵێكی باش ببینێت بۆ بەرەوپێشچوونی ئاشتی و ئازادی، ھەروەھا بۆ ئەوەی كێشەی كورد چارەسەر بكرێت پێویستمان بە عەقڵێكی یەكگرتوو ھەیە، تا كورد بە ئاشتی و ئازادی بگات. ئێستا بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستانە و لە سیاسەتدا رۆڵێكی گەورەی ھەیە، ھەروەھا جەلال تاڵەبانیش وەكو سەرۆكیك رۆڵێكی گەورەی ھەبووە، بەڵام ئێستا ئەو باری تەندروستیی خراپە و ئەركەكە كەوتووەتە سەر بارزانی. ئەگەر لە باشوور پارتە سیاسییەكان یەكگرتوو بن و خاوەن یەك بڕیار بن بۆ چارەسەركردنی كێشەی كورد و ناوخۆیی خۆیان، بێ گومان كاریگەریی باشی لەسەر باكوور و رۆژئاوایش دەبێت”
هەروەها لە بارەی رۆڵی كورد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا, ئەحمەد تورك دەڵێت: ھەموومان دەزانین كورد لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا رۆڵێكی گەورەی ھەیە، كورد ھێزێكی دینامیكی و ھەروەھا بڕواشی بە دیموكراتییەت ھەیە. ئەگەر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا كورد بە دیموكراتی نەگات و ئازادیی بۆ نەڕەخسێت، دڵنیابن رۆژھەڵاتی ناوەڕست لە رووی دیموكراتی و ئازادیدا ھیچ گۆڕانگارییەكی بەسەردا نایەت.
ئەمەیش تەنیا بۆ كورد نا، بەڵكو پێویستە تورك و عەرەبیش رۆڵی باش بگێڕن و لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا گرنگییان پێ بدرێت. بە بۆچوونی من ئەگەر لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دیموكراتی بەرھەم نەیەت، كورد دووچاری ناخۆشی و ئەستەمی زۆر دەبێتەوە و تورك و عەرەبیش بە ھەمان شێوە ناتوانن بگەنە دیموكراتی و ئازادی, دەمەوێت بڵێم ئەگەر كورد ئازاد بكرێت و پێگەی بەھێز بكرێت لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، كاریگەریی باشی دەبێت بۆ ئەو نەتەوانەی لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا دەژین، ھەروەھا ئەگەر كورد لەناو خۆیاندا یەكگرتوو نەبن و خاوەنی گوتارێكی نەتەوەیی نەبن، ئەوكات ناتوانن لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا پێگەیان بەھێز بێت.