“هەرێم بە دیفاكتۆ بووەتە دەوڵەت, تەنیا ددانپێدانانی نێودەوڵەتیی ماوە”

خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی هەرێمی كوردستان لە هەوڵی بەردەوامی دایە بۆ زەمینە سازی سەربەخۆیی‌و لە ئێستادا هەنگاوی گەورەی ناوە بۆ ئەم مەبەستە, بەرپرسی پەیمانگای كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان دەڵێت، ئێستا ھەرێمی كوردستان بە دیفاكتۆ بووەتە دەوڵەت و ھیچی لەگەڵ بەغدا نەماوە، تەنیا ددانپێدانانێكی نێودەوڵەتیی پێویستە.

(نەسرەت سۆفی)، بەرپرسی پەیمانگای كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگەیاندووە: ”ھەرێمی كوردستان ھەموو ڕێیەكی لەگەڵ بەغدا تاقی كردەوە، ھیچ ئاكامێكی نەبوو، هیچ ڕێككەوتنێكیشی لێ نەكەوتەوە. بۆیە ئێستا دەرفەتێكی زۆرباش بۆ ھەرێمی كوردستان ڕەخساوە و، ھەرێم بە دیفاكتۆ بووەتە دەوڵەت و تەنیا ھەندێك ناوچەی كێشەلەسەر ماون، كە لەگەڵ بەغدا یەكلایی بكرێنەوە، ئەوەش هۆكارەكەی جێبەجێنەكرانی دەستوورە، چونكە دەستوور بەلای ئەوانەوە، هەر نووسراوەی سەر كاغەزە، بۆیە ناتوانین لەگەڵ عێراق بژین و، ئێستا هەرئەوەندە ماوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا ددان بە دەوڵەتی كوردستاندا بنرێت و، ھیچی دیكەمان نەماوە.”

بەرپرسی پەیمانگای كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان دەڵێ: ”ئێستا تاكە بەربەست ئەوەیە كە لەنێو خۆماندا یەكھەڵوێست نین، بۆیە پێویستە ئەو لایەنانەی لەگەڵ سەربەخۆیی نین، بەخۆیاندا بچنەوە، لەبەر ئەوەی دژایەتیی سەربەخۆییی كوردستان لەلایەن ئەوانەوە دەبێتە خیانەتێكی گەورەی مێژوویی لە كارنامەكەیاندا، چونكە ئێمە ھیچمان لەگەڵ بەغدا نەماوە.”

(نەسرەت سۆفی) لە درێژەدا دەڵێ: ”خەڵكی ھەرێمی كوردستان چەند ساڵە بەرگەی ھەموو قەیرانێكی گرتووە، بۆ ئەوەی ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی، بۆیە ئەو بیانووەی دەڵێ بەهۆی قەیرانەوە هەرێم ناتوانێت ببێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی لەجێدا نییە و، هەرێم ھەموو بنەمایەكی بوون بە دەوڵەتی تێدایە.”

بەرپرسی پەیمانگای كوردستان بۆ پرسە سیاسییەكان دەشڵێ: ”ئەگەر ئەم دەرفەتە زێڕینەمان لەدەست دەرچێت، بڕوا ناكەم بە ١٠٠ ساڵی دیكە وەدەستمان بكەوێتەوە، بۆیە پێویستە، ھەرچۆنێك بێت لەدەست خۆمانی نەدەین.”

(سۆفی) ئەوەشی گوت: ”من دڵنیام ئەگەر ئێمە دەوڵەتی خۆمان ڕابگەیەنین، لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ددانی پێدا دەنرێت.”

Back to top button