وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لەبارەی هەرێمی کوردستانەوە داوایەك لە مستەفا کازمی دەکات
ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر ئەنجامدا.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، شەوی سێشەممە 16-2-2021، ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە کردووە.
ئەنتۆنی بلینکن نیگەرانیی خۆی لەبارەی هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر بە مستەفا کازمی گەیاندووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا داوای لە مستەفا کازمی کردووە بەردەوام بێ لەکارکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رووبەڕوبوونەوەی توندڕەو و تیرۆریستان.
هەروەک وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاندووە، بلینکن و کازمی گفتوگۆیان لەبارەی هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی ئەو گرووپانەی بەرپرسن لە هێرشە مووشەکییەکەی سەر هەولێر و سزادانیان، کردووە.
شەوی دووشەممە 2021/02/15 کاژێر 09:30 خولەک چەند مووشەکێک لە چەند شوێنێکی نزیک فڕۆکەخانەی هەولێر کەوتنەخوارەوە. یەکێک لە مووشەکەکانیش لە شەقامی 40 مەتری کەوتووەتەخوارەوە.