بەشیر حەداد: هەفتەی داھاتوو نیوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران خەرج دەکرێت

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئاشکرایکرد کە چاوەڕێ دەکرێت ھەفتەی داھاتوو نیوەی شایستە داراییەکانی جووتیاران بۆ ساڵانی 2014 و 2015 و 2016 خەرج بکرێت.

نووسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە: “رۆژی چوارشەممە 17ی2ی2021، دکتۆر بەشیر خەلیل حەداد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە رێگەی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە عەلا جبوری وەزیری بازرگانی عێراقەوە کرد، بەمەبەستی بە دواداچوون بۆ شایستە داراییەکانی جوتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئەوەش پاش ئەوەی کە چەندین جار لە رێگەی دیدار و بە نووسراوی فەرمی داوایان لە وەزیر و لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد بۆ ئەوەی شایستە داراییەکان خەرج بکرێن و دواجاریش قسەکردن بوو لە گەڵ مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ خەرج کردنی ئەو پارایە”.

لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا وەزیری بازرگانی عێراق ئاماژەی بەوەدا کە، بەھۆی ئەو بارودۆخە داراییەی کە وڵات تووشی بووە و بەھۆی زۆری بڕی پارەکەوە لە ئێستادا ناتوانرێت ھەموو پارەکە خەرج بکرێت، بۆیە بڕیار دراوە نیوەی پارەکە خەرج بکرێت کە بڕی 286 ملیار دینارە.

حەداد ئاماژەی بەوەدا کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی دانەوێڵەکان لە شاری بەغدا لەگەڵ بەڕێوەبەری لقەکان بەتایبەت پارێزگاکانی ھەرێمی ئەنجام ئەنجام بدرێت بۆ پێشکەشکردنی لیستەکان و دیاریکردنی رێژەی پارە و چۆنییەتی خەرجکردنی پارەکان بەسەر جوتیاراندا.

علا جبوری ئاماژەی بەوەداوە کە چاوەڕوان دەکرێت ھەفتەی داھاتوو چەکەکان بەسەر لقەکاندا دابەش بکرێن بۆ ئەوەی جووتیاران وەری بگرن.

Back to top button