د.سامان بهرزنجى: نزیکترین بڕیار و ڕێککار بۆ کۆنتڕۆڵکردنی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراق دێن بۆ كوردستان
وەزیری تەندروستی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت: ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە ، دەشڵێ: نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراقەوە دێنە هەرێمی کوردستان.
د.سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕايگەیاند: “ژمارەی توشبووانی کۆڕۆنا لە پارێزگاکانی عێراق لە هەڵکشانی بەردەوامە و دۆخی تەندروستی لە هەرێمی کوردستانیش بەرەو خراپی دەڕوات، تا ڕادەیەک ئاماری تووشبووان لە هەڵکشانە”.
وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، گوتیشی: “نیگەرانین لەو بێباکییەی لەنێو هاووڵاتیان هەیە سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا کە خۆپارێزی زۆر لاوازە”.
وەزیری تەندروستی دەشڵێ: “خۆپارێزی کەسی کە گرنگترین ڕێککارە و لە ڕێککارە گشتییەکان کاریگەرترە ئەویش تەنیا بە خودی هاووڵاتی خۆی دەکرێت”.
د. سامان بەرزنجی راشیگەیاند: “ئەگەر و گومانی زنجیرەی نوێی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان هەیە و ئێستا پێشینەی کارەکانمان توندکردنەوەی ڕێککارەکانی خۆپارێزی گشتییە، بەڵام دیسان بێ خۆپارێزی تاکە کەسی سوودی نابێت”.
بهرزنجى جەختیشیکردەوە: “دەبێت هاووڵاتیان باشتر جددیەتی ئەو نەخۆشیە بزانن، هەروەک چۆن ساڵی پار هۆکاری گیان لەدەستدانی کەسوکارەکانمان بوو، نزیکترین بڕیار و ڕێککار کۆنتڕۆڵکردنی ئەو لێشاوە زۆرەی گەشتیارانە کە لە پارێزگاکانی تری عێراق کە ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن”.