بەرەی بارزانی بەرەی کوردایەتی ە ، یان بەرەی ئێوە ؟ با مێژوو و خەڵك حاکم بن ؟

بهمن کاک عبداللە
خەڵکانێك ٥۳ ساڵە توشی نەخۆشیەک بوون پێ ی دەوترێت ، گرێ ی بەهێزی بارزانی و پارتی ، ئەم جۆرە خەڵکە بەدەستی خۆیان ، خۆیان تووش کردوە ، ڕێگەو شێواز نەما تاقی نەکەنەوە بۆ ناشرین کردن و بچوك کردنەوەی بارزانی و پارتی ، وەك جاشێتی ، قەڵەم فرۆشی بوختان دەرکردنی کتێبی پڕ لەدرۆ ، چەواشەکاری ئەنجام بەشێکیان پەشیمان بوونەتەوەو بەشێکی تریان بەو دەردەوە سەریان نایەوە، و بەشێکیشیان تائیستە بەو دەردەوە دەناڵێنن و پارتی و بارزانی ش هەر لە لوتکەدان .

ئەم گرێ یە بۆچی دروست بوە ؟ لەپێناوی چی ؟ ئایا ئەوان لەپارتی و بارزانی کورد پەروەر ترن ؟ دەسکەوتەکانی ئەوان بۆ کورد لە دەسکەوتەکانی ، پارتی و بارزانی گەورەترە ؟ بامێژوو بکەینە دادوەر ؟

جارێك بابپرسین ئایە بنەماڵەی بارزانی وەك زور لە ئاغا و بنەماڵە و شێخەکانی تری کورد دەیان توانی ببنە پیاوی دەسەڵاتە یەك لەدوای یەکەکانی ناوچەکە یان نا ؟ ئەگەر ئەوکارەیان بکردایە ئەو هەموو شەهید و قوربانیەیان دەدا ؟ ژیانی شاهانەیان بۆ ماڵ و منداڵەکانیان دابین دەکرد یان نا ؟

ئەی بۆ ئەو کارەیان نەکرد و ژیانی شاهانەیان لەخۆیان و خانەوادەیان تێکدا ؟ بۆچی ئەو هەموو قوربانیەیان دا ؟ بۆچی بارزان ۱٦ جار سوتێنرا ؟ بۆچی عوسمانیەکان شێخ عبدالسلام یان ساڵی ۱۹۱٤ز ، لەسێدارە دا ؟ شێخ ئەحمەدی بارزانی بۆچی شۆڕشی کرد ؟ بۆ ژیانی ئاوارەیی هەڵبژارد ؟ بۆچی ۱۱ ساڵ لەزیندان و بەدەست و پێی بەستراوە ، ئامادە نەبوو بەنوری سعید بڵێ هەڵەبووم؟
بۆچی بارزانی ساڵی ۱۹٤۳ لەسلیمانی وە گەڕایەوە ناوچەی بارزان ؟ بۆچی شۆڕشی ۱۹٤۳_۱۹٤٥ ی بەرپاکرد ، بۆچی بەشدار بوو لەدامەزراندنی کۆماری کوردستان، و بەرگری لێکرد ، بۆ ئاڵای کوردستانی نەدابەدەستەوە ؟ بۆ لەمهابادە وە تا ئاراس لە گەل چوار دەوڵەت جەنگا و تەسلیم نەبوو؟ بۆچی ۱۱ساڵ لە سۆڤیەت مایەوە ، بۆ لەگەڵ عبدالکریم قاسم تێکچوو ؟ بۆچی شۆڕشی مەزنی ئەیلولی بەرپا کرد ۱۹٦۱_۱۹۷٥ ؟ بۆ شۆڕشەکەی گەلە کۆمەی نێو دەوڵەتی لێکرا ؟ بۆ لە ئەمریکا وەفاتی کرد ؟ بۆ تەرمەکەی تاڕاپەڕین لە ئێران بوو ؟
بارزانیەکان بۆچی هاوکاری شێخ محمودی حفیدیان کرد لەسلیمانی ؟ بۆ هاوکاری شێخ سعیدی پیرانیان کرد لەباکور ؟ بۆ هاوکاری سمکۆی شکاکیان کرد لە ڕۆژهەڵات ؟ بۆ بەشداربوون لە کۆماری کوردستان لە مهاباد بەسەرۆکایەتی پێشەوا قازی ، و بەرگریان لێ کرد ؟ بۆ ئاڵای کوردستان یان پاراست ؟

خودا و زۆرینەی هەرەزۆری کورد و عەرەب و تورك و فارس و ئینگلیز و ڕوس و فەرەنسی ش ، دەزانن ووڵامی ئەو هەموو بۆیە ، لەبەرخاتری کورد و کوردستان بوو .

دەسکەوتیان چی بوو ؟
ئەوان بەشۆڕش و جوڵانەوەکانیان کوردیان بەزیندووی هێشتەوە ، کورد و دۆزەکەیان بەدونیا ناساند ، بۆ یەکجاریش نەبوون بە بەکرێ گیراوی هیچ هیزیکی دونیا ، فایلیکی خیانەتیان لێ ئاشکرا نەبوو، جاشایەتی و پاشایەتیان هەڵنەبژارد ، تادوانەفەس بەرگریان لە کۆماری کوردستان کرد ، ئاڵای کوردستان یان پاراست ، سێ سەرۆک کۆماری عێراقیان بەچۆکدا هینا ، حوکمی زاتیان بەدەست هینا بۆ کورد ڕاپەڕینیان کرد ، لە هەڵبژاردن لە ۱۹۹۲ بردیانەوە ، فیدراڵی پاریزگاکانیان گۆڕی بۆ فیدراڵی مێژووی جوگرافی ، زمانی کوردیان کردە زمانی فەرمی عیراق ، زمان و جلی کوردیان بردە کۆشکی سپی ، ئاڵای کوردستان یان هەڵدا ، ئاڵایان بردە زۆربەی کۆشك و کۆڕ و کۆبونەوەکانی جیهان ، پێشمەرگەیان لەلیستی تیرۆر دەرکرد ، نەوتیان خۆماڵی کرد ، پرسی دەوڵەتی کوردیان دابەگویی دونیا دا خاکی کوردستانیان گەڕاندەوە ، سنوریان دیاری کرد ، دەوڵەتیش ئەوان دروستی دەکەن .

ئیستاماوە ئەوە بڵێم ، بۆچی هەرکەس دوای بارزانی بکەوێت کۆیلەیە ؟ بۆچی هەرکەس سەنگەر بگوازێتەوە بۆلای بارزانی خۆی فرۆشتوە یان کڕدراوە ؟

با خەڵك و مێژوو شاهدی بدەن بەرەی بارزانی بەرەی کوردایەتی و مەردایەتی ە ، یان بەرەی جێ بەجێکارانی پرۆژەی ئیرانیزم و بەکریگیراوەکانی مالکی و دەنگدەران و پشتیوانانی جیاکردنەوەی سلیمانی و دوژمنانی سەربەخۆیی .

Back to top button