سهرۆك بارزانی پیرۆزبایی له یهكێتی قوتابیان و لاوانی كوردستان دهكات
بە ناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی شەستوههشتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی لاوان و قوتابیانی خۆشەویستی كوردستان دەكەم و هیوای سەركەوتن و بەردەوامیان بۆ دەخوازم.
قوتابیان و لاوانی کوردستان هەر لە ساتی دامهزراندنی رێکخراوهکهیانهوه لە قۆناغی شۆڕشی ئەیلوول هەتا شۆڕشی گوڵان و ڕاپەڕین و قۆناغی دوای ڕاپەڕین، بەشێكی دیار و كاریگەری خەباتی گەلەكەمان بوونە و، هەردوو ڕێكخراو قوتابخانەی پێگەیاندنی ڕۆڵەی هۆشیار و بوێر و سەركردەی بە توانا بوونە و، شوێنی وزە و هەناسەی نوێ بوونە بۆ بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان و لە ڕێگەی تێكۆشانیاندا شەهید و قوربانیان داوە.
لە سەردەمی ئێستادا ئەو چاوەڕوانییە لە قوتابیان و لاوانی ئازیز هەیە كە هاوتەریب لەگەڵ پابەندبوونیان بە بەها بەرزەكانی ڕێبازی كوردایەتی و نیشتیمانپەروەری، لەڕێی زانست و داهێنان كار بۆ پێگەیاندنی گەنج و لاوی هۆشیار و بڕوابەخۆبوو بكەن. ئێوە قوتابی و لاوی قوتابخانەیەكی ڕەسەن و پڕ لە شانازیین. هەر بۆیەش ئێوە دەبێ نموونەی قوتابی و لاوی ئەو كوردستانە بن بۆ خزمەتكردنی نیشتیمانەكەتان.
دڵم بە هەبوونتان خۆشە و ئێوە ئومێدی میللەتێكی مەزلوومن، پێویستە زیاتر لە جاران هەوڵ بدەن و لە ئاست چاوەڕوانیی كۆمەڵگە و دۆزی ڕەوای گەلەكەتاندا بن.
دووبارە پیرۆزباییتان لێ دەكەم و بمێنن بە خێر و خۆشی
مەسعود بارزانی
١٨ـی شوباتی ٢٠٢١