مه‌سرور بارزانى پێشوازى له‌ بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان کرد.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 2021/2/18 پێشوازيمان لە بەرپرسی دەستەی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی و هەردوو سکرتاریەتی قوتابیان و لاوان کرد.
لە دەستپێکی دیدارەکەدا ، بەبۆنەی شەستوهه‌شتەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان و یەكێتیی لاوانی دیموكراتی كوردستان، پیرۆزباییم لە هەردوو ڕێکخراوەکە کرد و هیوای سەرکەوتن و بەردەوامیم بۆ خواستن لە کاری ڕێکخراوەییاندا.
ئاماژەم بەوەدا، هەردوو ڕێکخراوەکە لە قۆناغە جیاجیاکانی شۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستاندا ، ڕۆڵێکی گرنگ و پێشەنگیان هەبووە و مێژوویەکی گەشیان هەیە و قوتابخانەیەک بوونە بۆ پێگەیاندنی چەندین سەرکردەی لێهاتوو و بەتوانا کە خزمەتێکی بەرچاویان پێشکەشی کوردستان کردووە.
جەختمان لەوە کردەوە کە پێویستە هەردوو یەکێتی قوتابیان و لاوان، بە گیانێکی داهێنەرانەوە ، بەردەوام بن لە درێژەدان بە ڕۆڵی پێشەنگانەی خۆیان، بۆ پەرەپێدانی هزری نیشتمانپەروەری و بەرەوپێشبردنی تواناکانی خۆیان بە سوود وەرگرتن لە پێشکەوتنەکانی سەردەم، بۆ ئەوەی بتوانن بە باشترین شێوە خزمەتی کوردستان بکەن .
Back to top button