كۆیلە بوون و سەنگەر گواستنەوە چیە؟
رێكان سەباح
ماوەیەكە هەرچی سەر دەربێنێت و راستیەك بلێت پێی دەلێن بۆتە كۆیلە یان بۆتە پارتی” ئەمە دیار ترین جۆڕی ئامرازی ” ئیرهابی_فكری” میدیای بەشێك لە یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ بووە، بەڵام حەقیەتی ئەو جۆڕە هەڵمەتانە چیە؟ ئایا بەراست، ئەمانە كۆیلە بوون و گواستنەوەی سەنگەریان هەڵبژاردووە؟؟
لەحەقیقەتدا، دەبێت بپرسین كێن ئەوانەی كۆیلە بوونیان هەڵبژارد؟ وە كێن، ئەوانەی سەنگەریان گواستەوە؟؟
لەپاش هاتنی داعش دەرفەتێكی لەمێژینە یان باشترە بلێن باشترین جۆڕی تاقی كردنەوە بۆ بەجێگەیاندنی دروشمەكان یان ئامانجە ستراتیژەكانی رێكخراوی سیاسی كوردستان كە لەناو بزووتنەوەی رزگاری خوازی كوردستان خۆیان بە هێزی هێنانە دی ئامانجە لەمێژینەكەی نەتەوەی كورد دەزانی كەوتنە ژێر تاقیگەی جەماوەری كوردستان، خەڵكی كوردستان 11500 رۆڵەی خۆی بەخشی ” بریندار و شەهید” لەشەری داعشدا، 3 ساڵی رێك لەسەخترین جۆڕی كێبركێی ئازاری قەیرانی دارای دا ژیا و سڵی نەكردەوە، بەردەوامی بە خەباتی لەمێژینەی دا، میدیایەكی ئاراستە كراو و تاقەت پروكێن رووی تێكرد، كەچی هەر بەرز بوو دەنگی رزگاری و سەربەخۆی” بۆیە ئالێرەدا، هەموو هێزەكانی كوردستان لەو پەری راستەوە بۆ ئەو پەری چەپ كەوتنە ژێر تاقیگەی خەڵكی كوردستان لە بەجێ گەیاندنی ئامانجەكەیان كە سەربەخۆی كوردستانە”.
پاش ئەوەی تەنها هێز كە توانی بەقورگێكی فرەوان و دەنگێكی بەرز هاوار بكات و بەردەوام بلێتەوە كە سەربەخۆی كوردستانم دەوێت تا ئەو چرەكە ساتە تەنها پارتی بەروونی و دیاری كراوی بێ هیچ بیانوێك و تەموو مژێك دەلێت و دەلێتەوە، هیچ رێگایەكیش لەبەردەمی ناكاتە پێوانەی هەڵسەنگاندنی گونجا و بوون و نەگونجاو بونی بەروونی تەنها پارتیە، ئەمەش لە پاش 23 حوزەیران زۆر بەزەقی رەنگدانەوەكان رۆشن بوونەوە”.
ئێستا لەنێوان پارتی و هێزەكانی تردا ناتوانرێت بە بەرزی بلێین جیاوازی لەنێوان سەربەخۆ خوازی و دژە سەربەخۆ هەیە، بەڵام دەتوانرێت زۆر بەئاشكرا بلێت دەنگی بەرزی پارتی لە سەربەخۆخوازی نەیاری هەیە، ئەمە قسەیەك نیە كە لەخۆیەوە دارێژراو بێت، بەڵگەی نەیاری سەربەخۆ خوازی پارتی گەیشتۆتە ئاستێك كە چاو و هەستەوەریەكانی مرۆڤ كوێر دەكات، ئەمەشە وا لە خەلكی كوردستان دەكات كێن ئەوانەی كۆیلە بوون و سەنگەر گواستنەوەیان هەڵبژارد”.
كاتێك سەربەخۆی كوردستانیان گرێدراوی كات كرد، 23 حوزەیرانیان بەرهەم هێنا، یەكرێزی هێزەكانی كوردستانیان كردە نمایشی پەرتكردنی رەنگەكان و تۆخكردنەوەی ناكۆكیەكان، كاتێك مووچە بڕین و بودجەی بڕینی كوردستانیان كردە لەمپەر لەبەردەم ئامانجە لەمێژینەكانی گەلی كوردستان، سیناریۆی ( مووچەم نیە دەوڵەتم بۆچیە، كارەبام نیە دەوڵەتم بۆ چیە، ئاوم نیە دەوڵەتم بۆچیە، بنیشتی كوردیمان زانیوە دەوڵەتی كوردیمان نەزانیوە چەندان سیناریۆ و گاڵتەجاری بە ئامانجی لەمێژینەی گەلی كوردستان بونە مانشێتی زەقی میدیا و روانگەی سیاسی كادیر و لایانگری گۆڕان و كۆمەڵ و بەشێك لەیەكێتی ) ئێستا دەپرسین كاتێك گۆڕان وبەشێك لە یەكێتی و كۆمەڵ بەدیاری كراوی ئامانجی لەمێژینەی گەلێكی ژێر دەست كە ئازاری سەد ساڵەی خەباتیان بەهەموو جۆڕێك مردن تاقی كردەوەوە، خستە ئەو مەزادەی گاڵتەجاریەوە، ئامانجە ستراتیژەكانی خۆیان كە خەڵكیان پێ چەواشەكرد، بەم شێوەیە تاقی كردەوە، چاوەروانی چی دەكەن لەو خەڵكە دەیانەوێت هەر بمێنەوە لەگەلیان ئەی ئەگەر مانەوە چ واتایەك بۆ ئازادی دەمێنێتەوە؟
پرسیار ئەوەیە ئایا سەنگەر گواستنەوەی لەئامانجە یان لە ناوگۆڕینی حزبە؟ ئامانجی سیاسی هەر كەسێك لە ستراتیژی رێكخراوی سیاسی دا بەرجەستە دەبێت، لێرەشدا واتا كۆیلە بوون پێناسەی كامل دەبێت كاتێك كەسێك روانگەی سیاسی لە ستراتیژی حزبێكدا هاو رێگا نیە و ناكۆكە مانەوەی لەو رێكخراوە دا پێناسەی متلەقی كۆیلە بوونە، خۆناكرێت تۆ دژی سیاسەتی رێكخراوێكی سیاسی بیت و ئەندامی ئەو رێكخراوە سیاسیەش بیت، ئەوە گۆڕان و بەشێك لە یەكێتی وێنای ئەو دوو حزبەیان كردووە، دژایەتی خواستی سەربەخۆی كوردستانە و لە پراكتێكدا ئەم دژایەتیە بەرجەستە دەبێت زۆر بەئاسانی، بەڵام پرسیار ئەوەیە تۆ كە باوەرت بەنەتەوە و سەربەخۆی كورد و كوردستان هەبێت، چون و چ واتایەكی هەیە لەرێكخراوێكی سیاسی دژ ئەو ئامانجە بیت”.
گۆڕان و بەشێك لەیەكێتی و كۆمەڵ دەبێـت ئەوان بزانن لادان لە ئامانجی لەمێژینەی گەلی كوردستان و گاڵتەجاری بە خواستنی میللەتێكی بێ دەوڵەت، خۆ قەتیس كردن لە خواستی نەیاری كورد و كوردستان، سەنگەر گواستنەوە و كۆیلە بوونە، نەك جیابونەوەی كەسێك لەو سێ حزبە و گواستنەوەی سەنگەری خەباتی، چونكە ئەوە ئەو كەسە نیە كە دەستی لە سەربەخۆی كوردستان بەردا بێت، ئەوە رێكخراوە سیاسیەكەیەتی گاڵتە جاری بە خواستی میلەتێك دەكات، بۆیە كۆیلەی متلەق ئەو كەسەیە كە حزبەكەی دژی مافی نەتەوەكەیەتی لەناویشدا بمێنێتەوە.