بڕياره‌ لە ھەفتەی یەكەمی مانگی داھاتوو ڤاكسينى كۆرۆنا بگاتە هه‌رێمى كوردستان

بریكاری وەزارەتی تەندروستی حكومه‌تى ھەرێمی كوردستان ده‌لێت، لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی ئەو بژاردەیە قبوڵكراوە، كە ھاتووچۆ لەنێوان شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق سنووردار بكرێت. ده‌شلێ:بڕياره‌ لە ھەفتەی یەكەمی مانگی داھاتوو ڤاكسينى كۆرۆنا بگاتە ئەو كۆگایانەی تایبەت كراون بە ھەڵگرتنی ڤاكسینه‌كه‌.
 
د. رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: “لەگەڵ بەڕێوەبەرە گشتییەكانی تەندروستی گفتوگۆمان لەبارەی ھاتووچۆی لەنێوان شارەكانی ھەرێمی كوردستان و عێراق كرد، دواجار ئەو بژاردەیەمان قبوڵكرا، كە ھاتووچۆ سنووردار بكرێت و ئەو كەسانەی لە شارەكانی عێراق دێنە ھەرێمی كوردستان، پشكنینی PCR یان بۆ بكرێت و فۆڕم و ناونیشان بۆ پڕبكرێتەوە و بەڵێنامەیان لێوەربگیرێت”.
 
د.ڕه‌هێل گوتيشی: “ئێستا ھیچ ئەگەر بۆ راگەیاندنی قەدەغەی ھاتووچۆ نییە”.
 
بريكارى وه‌زاره‌تى ته‌ندروستى زياتر گوتى : “بڕیارە لە ھەفتەی یەكەمی مانگی داھاتوو ڤاكسينى كۆرۆنا بگاتە ئەو كۆگایانەی تایبەت كراون بە ھەڵگرتنی ڤاكسینه‌كه‌”.
 
له‌باره‌ى پێدانى ڤاكسينه‌كه‌ سه‌ره‌تا بۆ كێ داده‌نرێت د.ڕه‌هێل گوتى : “لە سەرەتادا ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە بەكاردەھێنرێت كە لە ھێڵی پێشەوەی رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنان، ئەوانەن كە لە نەخۆشخانە و سەنتەرەكانی كۆرۆنا كار دەكەن، ئەو ژمارەیەی بە دەستمان دەگات دەتوانین بۆ كەسانی بە تەمەن ئەوانەی نەخۆشی درێژخانیان بەكاربھێنرێت”.
 
له‌ كۆتاييدا ئەوەشی خستەڕوو: “بەكارھێنانی ڤاكسین ناچاری نییە، بەڵام ھیواخوازین ھەموو كەس بەكاری بھێنن”.
Back to top button