بڕیاری خەرجكردنی مووچەی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان دەرچوو
بەپێی نووسراوێكی سەرۆكایەتی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە واژووی ئومێد سەباحی پێوەیە، تێدا بڕیاری خەرجكردنی مووچەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی كوردستان دەرچوو.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە نووسراوێكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران كە وێنەیەكی دەست دەزگایی میدیایی “خواکوڕك” كەوتووە، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان، ڕەزامەندی درا بە پێدانی خەرجكردنی مووچەی مانگی كانوونی دووەمی ساڵی 2021 بۆ كارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕەگەزنامەی هەرێمی بەبێ لێبڕین.
ئەو نووسراوە، واژووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرەوەیە و ئەمڕۆ ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە.
بەهۆی بڕیارێكی نادیار لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە، ماوەی 56 ڕۆژە مووچەی فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بەحكوومەتی عێراق ڕاگیراون، ئەوەیش وایكرد هەرێمی كوردستان خۆی مووچەیان بۆ دابین بكات.
ماوەی دوو مانگە عێراق مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەكانیشی وەستاندووە و تا ئێستە مووچەیان پێ نەدراوە و ئەوانیش كارەكانیان هەڵپەساردووە.