14 تووشبووی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکران

بەڕێوەبەری گشتى تەندروستیی شارى هەولێر رايده‌گه‌ينێت، ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 14 تووشبووی نوێی کۆرۆنای گۆڕاو تۆمارکران و ، وه‌زيرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانيش ده‌لێ: بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ راپۆرتێكمان ئامادەكردووە، تێیدا ھەڵسەنگاندنمان بۆ رەوشی گشتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەمیش لەبارەی دەوامی قوتابخانەكان دەخەینەڕوو .
دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر كه‌مێك له‌مه‌وبه‌ر رايگەیاند ” لە ئەنجامی پشکنینەکان ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ ، دەرکەوتووە کە ئەمڕۆ 14 تووشبووی نوێمان هەیە و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاون.”
بەڕێوەبەری تەندروستیی هەولێر، ده‌شلێت، ئەو تووشبووانەی کە تاوەکو ئێستا تۆمارکراون کە ژمارەیان 19 تووشبووی کۆرۆنای گۆڕاوە “بەوردی چاودێری دەکرێن”
زياتر گوتى ” پێنج کەسەکە هی نێو شار بوون، 14 کەسەکەی دیکەش 7 یان لە دەرەوەی وڵات گەڕاونەتەوە و 7 کەسەکەی دیکەش هی نێو شاری هەولێرن. دواتر لە پشکنینەکان دا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە ئەو کەسانە سەردانی کوێیان کردووە.”

لاى خۆشيه‌وه‌، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیيش رایگەیاند: “بۆ كۆبوونەوەی ئەمڕۆ راپۆرتێكمان ئامادەكردووە، تێیدا ھەڵسەنگاندنمان بۆ رەوشی گشتی تەندروستی لەبارەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، ھەمیش لەبارەی دەوامی قوتابخانەكان دەخەینەڕوو، ھەروەھا كۆمەڵێك پێشنیاز و داواكاریمان لە تیمی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی تەندروستی كۆكردووەتەوە و دەخەینە بەردەم لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا،

وه‌زيرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێم گوتيشى : ” ھەوڵدەدەین رێكارەكان لەگەڵ ژیان و گوزەرانی خەڵك بگونجێنین، بۆ ئەوەی بتوانین لەئێستاوە دۆخەكە كۆنترۆڵ بكەین و نەھێڵین ڤایرۆسەكە زیاتر تەشەنە بكات، چونكە ئەگەر زیاتر بڵاوببێتەوە رێكارەكان قورستر دەبن”.

Back to top button