وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان وه‌ڵامی كۆمپانیای دانه‌غاز ده‌داته‌وه‌

خواكوڕك

ئه‌مرۆ چوارشه‌مه‌ 15/2/2017وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رایگه‌یاند، بەیاننامەکەی دوێنێی كۆمپانیای دانه‌عاز چەواشەکارییە و ئاماژەی بە چەند بەشێکی گرنگی بڕیارەکەی دادگای لەندەن نەکردووە کە لەدژی خۆیان بووە.

وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان له‌ وه‌ڵامی ئه‌و راگه‌یانراوه‌ی كۆمپانیاكه‌ بڵاوی كردۆته‌وه‌، ده‌ڵێت، دادگای لەندەن پێدانی ملیارێک و ٧٠٠ ملیۆن دۆلار بە دانە غاز لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە لەبەرامبەر بەرهەمهێنانی غازد لە کێڵگەی کۆر مۆردا ره‌تكردۆته‌وه‌.

هه‌روه‌ها له‌ به‌یاننامه‌كه‌دا هاتووه‌، اگاکەی لەندەن ئاماژەی بەوە کردووە کە حکومەتی هەرێم مافی وەرگرتنی هەموو ئەو غازەی هەیە کە دانە غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر بەرهەمی دەهێنێت بەبێ زیادکردنی هیچ بڕە پارەیەکی تر بۆ کۆمپانیاکە، هاوکات کۆمپانانی دانە غاز و هاوبەشەکانیشی ناتوانن داوای پارەی زیاتر بکەن لەبەرامبەر ئەو غازەدا.

ده‌شڵێت، دادگای لەندەن لەکۆی ١٩ داواکاری، ١٨ داواکاری دانە غازی ڕەتکردووەتەوە و ئەوەی وتووە کە هەندێک لە بەیاننامەکانی دانە غاز کە باسیان لەکاری کۆمپانیای نێودوڵەتی پیترۆلیۆم کردووە هەڵە بوون و ڕەتیکردووەتە کە هیچ تۆمەتێکی دیکە لەو بارەیەوە وەربگرێت.

له‌باره‌ی كۆمپانیاكه‌وه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتیه‌كان رایده‌گه‌یه‌نێت، بەیاننامەکەی دانە غاز چەواشەکارییە و دادگاکەی لەندەن نەیتوانیوە ئەوە بدۆزێتەوە کە دانە غاز و هاوبەشەکانی لەکاتی خۆیدا و بەباشی پڕۆژەکانیان جێبەجێ کردبێت، یان بیانوویەکی گونجاویان هەبووبێت لە دواخستنی پڕۆژەکاندا، هاوکات دادگاکە نەیتوانیوە بڕیاربدات لەسەر ئەوەی کە دواخستنی پڕۆژەکان دەچێتە بواری پێشێلکرندنی گرێبەستەکەی نێوانیانەوە یان نا.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، تەواوکردنی پڕۆژەی دەرهێنانی غازی شل لەلایەن کۆمپانیای دانە غازەوە چوار ساڵی پێچووە، لەکاتێکدا پێشتر کۆمپانیای ناوبراو وتبووی کە تەنها نۆ بۆ ١٠ مانگیان پێدەچێت بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە.

رۆژی 14/2/2017 كۆمپانیای دانه‌غاز له‌به‌یاننامه‌یه‌كدا ده‌ڵێت، بەپێی بڕیاری دادگایەکی لەندەن دەبێت حکومەتی هەرێم بڕی ١٢١ ملیۆن دۆلاریان پێبدات لەبەرامبەر دەرهێنانی غاز شل و چڕە کە لەماوەی نێوان ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠١٥وە تا ٣١ی ئازاری ٢٠١٦ دانە غاز و هاوبەشەکانی لە هەرێم دەریانهێناوە.

Back to top button