نوجه‌یفی كێشه‌كانی نێو ماڵی شیعه‌ به‌ ترسناك له‌قه‌ڵه‌م ده‌دات

خواكوڕك

جێگری سەرۆك كۆماری عێراق رایده‌گه‌یه‌نێـت، دۆخی نوێی پاش 2003 لە راستیدا لەسەر بنەمای تایفی و پشك پشكێنە بونیاتنرا. هەر لە سەرەتای ئەنجوومەنی بەڕێوەبردن و ئەو حكومەتە یەك لەدوای یەكانەی كە دامەزران دابەشبوونی سیاسی و حیزبی و كارگێڕییان لێكەوتەوە و سەرجەمیان لەم سۆنگەیە دامەزران.

ئویامه‌ نوجه‌یفی جێگری سەرۆك كۆماری عێراق له‌میانی دیدارێكی رۆژنامه‌وانی رایگه‌یاند، ئێران هەوڵەكانی چڕكردووە بۆ ئەوەی بنەمای تایفەگەری گەشەبكات بۆ ئەوەی هەژموونی شیعە بەسەر تەواوی عێراقدا بسەپێنێت. ئەمەش دۆخی عێراقی ئاڵۆزتر كرد.

له‌باره‌ی ناكۆكیه‌كانی ناوماڵی شیعه‌ نوجه‌یفی به‌ رووداوی راگه‌یاندووه‌، مالكی رۆڵی هه‌یه‌ و هه‌ژموونی هه‌یه‌، بەڵام ناكۆكی لەنێو ماڵی شیعەش هەیە و دەنگی بەهێز هەیە بۆ رەتكردنەوەی مالیكی، سەرجەم وڵاتانی دراوسێی عێراقیش جگە لە ئێران، مالیكییان قبوڵ نییە.

ده‌شڵێت، لە دوایین رۆژیدا وەزیری پێشووی دەرەوەی ئەمریكا گوتارێكی پێشكەش كرد و لەبارەی عێراقەوە ئاماژەی راستەوخۆی بە سیاسەتە هەڵەكانی مالیكی كرد و جەختی كردەوە كە بەهۆی مالیكی شارە گەورەكانی عێراق كەوتنە ژێر دەستی داعش.

له‌باره‌ی پرسی حه‌شدی شه‌عبی له‌ موسل ده‌ڵێت، حەشدی شەعبی وەكو هێزێك لەنێو شاری مووسڵدا نییە، ئەوان لە بیابانن لە ناوچەكانی نزیك تەلەعفەر تاوەكو سنوور، تێبینی زۆرمان هەیە لەسەر هاتنی هەر گرووپێكی حەشدی شەعبی بۆ نێو شاری مووسڵ. پێشمانوایە دەبێ ئەركی دووری پێ بسپێردرێت بەهۆی هەستیاری. هەروەها بەهۆی هەندێ هەڵسوكەوت كە لەبەری لای رۆژهەڵاتی موسڵ كرابوون.

ده‌شڵێت، روون و ئاشكرایە ئەجێندای زۆر هەن بەرەو مووسڵ ئاراستەكراون و پێمانوایە سەرهەڵدانیان لە سەردەمی شەڕی دژ بە داعش، دۆخەكە ئاڵۆز دەكات. هەر هەوڵێك بدرێ‌ بە ئاراستەی گۆڕینی بیروباوەڕی خەڵكی ناوچەكە یان هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی گۆڕانكاریی دیموگرافی لە شاری مووسڵ، لە بەرژەوەندی عێراق و كوردستانیش نابێت.

له‌باره‌ی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ ده‌ڵێت، گومان لەوەدا نییە هاوپەیمانێتیمان لەگەڵ بەڕێز بارزانی پتەو و جێگیرە. پرسی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستانیش، گەلی كوردستان خۆی بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدات، ئێمە رێزی لێدەگرین.

Back to top button