ئەنجوومەنی وەزیران بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی كۆ دەبێتەوە
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بۆ كۆمەڵێك پرس كۆ دەبێتەوە و گفتوگۆ لە چەند پڕۆژەیاسایەك دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە، لە ڕاگەیەنراوێكی فەرمانگەی میدیا و زانیاری هاتووە، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران بە سەرۆكایەتیی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەت و بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی حكوومەت، كۆبوونەوەی ئاسایی هەفتانەی خۆی بۆ تاوتوێكردنی چەند بابەتێك ساز دەكات.
ڕوون كراوەتەوە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوەكە خستنەڕووی دوا پێشهاتەكانی پڕۆژە بودجەكانی فیدڕاڵ و هەرێم بۆ ساڵی 2021 دەبێت.
باس لەوەش كراوە، لە بڕگەی دووەمی كۆبوونەوەدا كە بریتی دەبێت لە پێشنووسی هەمواركراوی یاساكانی یەكێتیی ژوورەكانی بازرگانی و پیشەسازی، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و یاسای بازرگانی و پێشنووسی پڕۆژە پێڕەوی پێدانی هاوبەشیكردنی نێوان كەرتی گشتی و كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان، دەنگدان لەسەر پڕۆژە پێڕەوی پێدانی مۆڵەتی خوێندن و پێشنووسی پڕۆژەیاسای وەزارەتی كارەبا.