ساسان عەونی: شەقامی 150 مەتری درێژییەکەی 70 كیلۆمەترە و پێكهاتووە لە تۆڕێكی پڕ لە هاڕمۆنی ئەندازەیی
ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 25ی شوباتی2021 بە ئامادەبوونی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان قۆناغی یەكەمی شەقامی 150مەتری لە شاری هەولێر كرایەوە و، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش دەڵێ: كۆی درێژی شەقامەكە 70 كیلۆمەتەرە و بە چواردەوری شاری هەولێردا دەسووڕێتەوە و لە ڕێی دەروازە سەرەكییەكانی شاری هەولێر و دەیان شەقامی تری شێوە تیشكی بە شەقامی بازنەیی 120مەتری و شەقامە بازنەییەكانی تردا دهبهسترێتهوه و هەموویان پێكەوە تۆڕێكی پڕ لە هاڕمۆنی ئەندازەیی پێك دەهێنێنن.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە میانەی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی كردنەوەی پرۆژەكە، وتارێكی پێشكەشكرد و رایگەیاند: مایەی خۆشحاڵییە بە ئامادەبوونی ڕێزدار جەنابی سەرۆکی حکوومەت، بەشدار دەبین لە کردنەوەی پڕۆژەیەکی ستراتیژیی دیکەی گرنگ بۆ پایتەختی هەرێمی کوردستان، کە ئەویش بریتییە لە بەشی یەكەم لە قۆناغی یەكەمی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی راشیگەیاند: كۆی پرۆژەی شەقامی 150 مەتریی بازنەیی خێرا لەکاتی تەواوبوونی هەموو بەشەکانی، درێژییەكەی بەشێوەیەكی بازنەیی 70 كیلۆمەتر دەبێت و هیچ وەستانێكی تێدا نابێت, ئەم بەشەی قۆناغی یەكەمی پرۆژەكە، شەقامی هەولێر- شەقڵاوه بە شەقامی هەولێر – بەحركە دەبەستێتەوە كە هۆكارێكی گرنگ و دەرفەتێكی نوێیە بۆ بەیەكەوە بەستنەوەی هەردوو ڕێگەی نێودەوڵەتیی هەولێر -حاجی ئۆمەران بە هەولێر-زاخۆ.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە بەشێكی تری وتارەكەیدا ئاماژەی بەوەشكرد: “كە سەرەڕای هەموو بارودۆخە نالەبارەکان حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە جێبەجێكردنی بەشێكی پرۆژە ستراتیژییەكانی کە لە بەرنامەیدا هەبووە و بەشێكی دیكەشیان بەردەوام كاریان تێدا دەكرێت، تەواوكردنی شەقامی 120 مەتری لە هەولێر، دەستپێكردنی شەقامی 100 مەتری لە سلێمانی، شەقامی بارزان لە دهۆك، پڕۆژەی ستراتیژیی ئاو و ئاوەڕۆ لە هەولێر، سلێمانی، دهۆك و هەڵەبجە و دەیان پرۆژەی ستراتیژیی تر، هەموویان بەڵگەن لەسەر پابەندبوونی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەو بەڵێنانەی بە هاووڵاتییانی داوە كە خزمەتكردنی بەردەوام و هەلی ژیانێكی باشتر و كوردستانێكی بەهێزە.
سەبارەت بە پاڵپشتی حكوومەتیش لە كەرتی تایبەت بە مەبەستی بووژانەوەی كوردستان، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار گوتی: هەر لێرەشەوە دەرفەتە پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ کەرتی تایبەت و هێزی کار و توانای خۆماڵیی دووپات بکەینەوە و هانیان بدەین بەشداریی کارایان هەبێت لە پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و بەرەوپێشبردن و بنیاتنانی پڕۆژەکانی ژێرخان لە کوردستان.
هەروەها سوپاسی سەرۆكایەتیی شارەوانی هەولێر و ئەندازیار و تەکنیککار و فەرمانبەرانی فەرمانگەی ئەندازیاریی نیشتەجێ و تیمەکانی بەدواداچوونی كرد كە كاریان لە تەواوكردنی پرۆژەكەدا كردووە.