روونکردنەوەیەک لە وەزارەتی دارایی لە بارەی مووچەی ئەو مانگانەی کە نەدراون
دوای ئەوەی حکومەتی هەرێم بەهۆی قەیرانی دارایی نەیتوانی مووچەی چەند مانگێکی فەرمانبەران بدات، ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە نووسراوێکدا کە ئاراستەی گشت وەزارەت و فەرمانگەکانی نەبەستراو بە وەزارەتەکەوە کردووە، رایگەیاندووە، مووچەی مانگەکانی نیسان، ئایار، حوزەیران، تەمووز و ئاب، تشرینی دووەم و کانوونی یەکەم کە لەلایەن حکومەتی عێراقی خەرج نەکراوە، بکرێتە قەرز.
وەزارەتی دارایی و ئابووری ئاماژەی بەوە کردووە، “بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 77 لە 7-10-2020ـەوە کۆنووسی لیژنەی پێکهاتوو [لەبارەی مووچە نەدراوەکان] بە فەرمانی وەزاریی ژمارە 6029 لە 30-11-2020 ئەم روونکردنەوەیەتان ئاراستە دەکەین”.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە:
1- مووچەی مانگەکانی ساڵی دارایی 2016، 2017 هەر وەخ خۆی بمێنێتەوە بە مووچەی شایستەی نەدراو، چونکە لە تەرازووی پێداچوونەوەی ساڵانی دارایی 2016، 2017 بە مووچەی شایستەی نەدراو تۆمارکراوە و لە هەمانکاتدا لە بەیاننامەی دارایی ئاماژەی پێکراوە.
2- مووچەی مانگەکانی ئایار، حوزەیران و تەممووزی ساڵی دارایی 2020 کە لەلایەن حکومەتی عێراقی فیدراڵ خەرج نەکراوە، بۆ هەرێمی کوردستان بکرێتە قەرز، (الدائنون) و وەک وەزارەتی دارایی ئاماژەی پێکردووە، “ئەمەش پابەندبوونە بە بڕیاری ئاماژەپێکراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران. هاوکات مووچەی مانگەکانی نیسان و ئابیش بە هەمان شێوە تۆماربکرێت”.
لە خاڵی سێیەمی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی داراییدا هاتووە، “سەبارەی بە مووچەی مانگەکانی تشرینی دووەم و کانوونی یەکەمی ساڵی 2020، بە هەمان میکانیزمی بڕگەی دووەم جێبەجێکرێت کە وەکو قەرز تۆمار بکرێت”.
وەزارەتی دارایی لە نووسراوەکەیدا باسی لەوەشکردووە، ئەم رێنماییە جێبەجێدەکرێت و لە رۆژنامەی وەقائیعی کوردستان بڵاودەکرێتەوە.
سەرەتای مانگی کانوونی دووەمی 2021، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، ساڵی 2020 هەشت مووچە دابەشکراوە، هاوکات مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئەیلوول، نیسان و تشرینی دووەم دابەشنەکراوە.
لە راگەیێندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2020 دا شەش ترلیۆن و 505 ملیار و 988 ملیۆن و 307 هەزار و 176 دیناری عێراقی بۆ مووچەی مووچەخۆران تەرخانکردوە.