سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری ناوخۆی عێراق دەکات.
ئەمڕۆ شەممە 2021/2/27 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە عوسمان غانمی وەزیری ناوخۆی حکومەتی فیدراڵ کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی پەرەپێدانی هەماهەنگیی ئەمنی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی کرا، بەتایبەتی کە لەسەر پرسی هێرشە مووشەکیەکەی سەر هەولێر، لە ئەنجامی هەماهەنگیی باشی نێوان حکومەتی هەرێم و حکومەتی فیدراڵی، ئەنجامی باش بەدەستهاتوون.
لە دیدارەکەدا هەروەها ،جەخت لە گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شنگال و دەرچوونی میلیشا و هێزه چەکدارە نایاساییەکان لە دەڤەرەکە کرا.
سەرۆکی حکومەت ، وێڕای سوپاسکردنی وەزیری ناوخۆی فیدرڵ بۆ هەوڵەکانی لە پێناو چارەسەرکردنی کێشەکان، ئاماژەی بە بەردەوامیی سیاسەتی گۆڕینی دیموگرافی و دەستدرێژیکردنە سەر هاووڵاتییانی کورد و داگیرکردنی زەویوزارەکانیان لە کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم کرد و گوتی ئەم جۆرە دۆخە نائاسایی ونادەستوورییە، لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق نییە و پێویستە ڕێگری لێ بکرێت.
دانوستانەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی تایبەت بە بودجەی عێراق بۆ ساڵی 2021 و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ، تەوەری دیکەی گفتوگۆکان بوو.