سبەی شەو ڤاكسينى كۆرۆنا لە چینەوە دەگاتە ھەرێمی كوردستان

وەزیری تەندروستی حكومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، 5 ھەزار ڤاكسینی كۆرۆنا سبەی شەو لە چینەوە دەگاتە ھەرێمی كوردستان، دواتر بڕیار لە كاتی بەكارھێنانی دەدرێت.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئه‌مرۆ يه‌كشه‌ممه‌، د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی گوتى، سبەی دووشەممە كاروانی یەكەمی ڤاكسینی ( سینۆفارم)ی چینی دەگاتە ھەرێمی كوردستان و عێراق، كە بڕی ھەرێمی كوردستان لەو كاروانە 5 ھەزار ڤاكسینە.

د.سامان به‌رزنجى، گوتیشی: “لەگەڵ گەیشتنی ڤاكسینەكە پێویستی بە ھەندێك پشكنین ھەیە و، دواتر بڕیار لە كاتی بەكارھێنانی دەدرێت”.

وەزیری تەندروستی ده‌شلێت: “بەشێك لەو ڤاكسینانە لەسەر داوای كونسوڵی چین بۆ ئەو ھاووڵاتییە چینیانە بەكاردەھێنرێت كە لە ھەرێمی كوردستانن، نزیكەی چوار ھەزار دانەشی بۆ كارمەندانی تەندروستی بەكاردەھێندرێت و بەسەر بەڕێوەبەرایەتییە تەندروستییەكان دابەش دەكرێت، كە بۆ ھەر كەسێك دوو ژەم بەكاردەھێندرێت، واتە بەشی نزیكەی 2 ھەزار كەس دەكات و ،ئێستا پڕكردنەوەی فۆڕم و ناونووسین لە بەڕێوەبەرایەتییەكانی تەندروستی دەستیپێكردووە، بۆ ئەو كەسانەی لە قۆناغی یەكەم ڤاكسین بەكاردەھێنن”.

د. سامان بەرزنجی، راشیگەیاند: “پێشبینی دەكرێت سەرەتای مانگی داھاتوو كاروانێكی دیكەی ڤاكسین بگاتە ھەرێمی كوردستان و عێراق، جگە لەوەش حكومەتی ھەرێمی كوردستان و عێراق لە ھەوڵدان، بۆ ئەوەی ھەرچی زووە ڤاكسینی پێویست بگەیەندرێتە ھەرێمی كوردستان و عێراق”.

وه‌زيرى ته‌ندروستى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان گوتيشى: “دەبێ ھاووڵاتییان دڵنیابن، بە جێگرەوەی ڤاكسین ئێستا تەنھا بەستنی ماسك و خۆپارێزییە”.

د.سامان به‌رزنجى ، له‌باره‌ى تۆماركردنی حاڵەتەكانی كۆرۆنای گۆڕاويش لە ھەرێمی كوردستان، گوتی: “زۆربەی حاڵەتەكانی كۆرۆنا كە ئێستا تۆمار دەكرێن، كۆرۆنای گۆڕاون، دوێنێش لە دھۆك پشكنین كراوە ژمارەیەكی زۆری دیكەی تووشبووی كۆرۆنای گۆڕاو لەو پارێزگایە تۆمار كراون”.

Back to top button