سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازادی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە کاری خۆیان ئەنجام بدەن .

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/3/1 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە گەڵ نەقیب و ئەندامانی ئەنجومەنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان کۆبووەوە.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ئازاد حەمەدەمین نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی ئەنجومەنەکە، کورتەیەکیان دەربارەی کار و چالاکییەکانی سەندیکاکەیان خستەڕوو و ئاماژەیان بە وەدا ، کە لە هەرێمی کوردستان ، ئازادی ڕاگەیاندن هەیە، بەڵام کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان ، لە ڕووی یاسایی و پیشەییەوە، پێویستی بە ڕێکخستنەوە هەیە بۆ ئەوەی ڕێگری لەو پشێوییە بکرێت کە لە بواری ڕاگەیاندن هەیە.

سەرۆکی حکومەت جەختی لە پشتیوانی و پشتگیریی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە بۆ ڕۆژنامەنووسان و میدیاکارانی کوردستان و کاری ڕۆژنامەگەریی لە هەرێمدا و ئاماژەی بە ڕۆڵ و پێگەی ڕۆژنامەنووسان کرد، لە هوشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و هاوکاریکردنی حکومەت لە دەستنیشانکردنی گرفت و کێشە و سەرپێچییەکان، بەمەبەستی نەهێشتنیان و چاککردن و باشترکردنی ئەزموونی حوکمڕانیی لە کوردستاندا. گوتیشی ئازادی ڕادەربڕین بنەمایەکی سەرەکی کۆمەڵگە پێشکەوتوو و دیموکراتییەکانە.

سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، زەمینەی ئازادی ڕادەربڕینی بۆ ڕاگەیاندنکاران دەستەبەر کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەری خۆیان لە کۆمەڵگەدا بگێڕن. گوتیشی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان ، نابێ ڕێگە بدەن پیشەی پیرۆزی ڕۆژنامەگەریی، بە مەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەت بەخشینەوە و تێکدانی ئاشتی کۆمەڵایەتی بەکاربهێنرێت.

سەرۆکی حكومەت دڵنیاییدا کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە هەموو شێوەیەک داکۆکی و پشتگیریی لە ئازاديی کاری ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان دەکات، بۆ ئەوەی ڕاگەیاندنکارانی کوردستان، بتوانن بە شێوەیەکی پرۆفیشناڵانە و دوور لە هەر ئەجێندایەکی ناپیشەییانە ، کاری خۆیان ئەنجام بدەن، بە جۆرێک لە بەرژەوەندی گشتی و پاراستنی دەسکەوتە نیشتمانییەکان بێت.

Back to top button