ئێران: بایدن سەرەتایەکی نائومێد بەخشی دەستپێکرد

 

دواى ئه‌وه‌ی ئه‌مریكا له‌ وه‌ ڵامی هێرشه‌ مووشه‌كیه‌كه‌ی سه‌ر پارێزگای هه‌ولێر له‌ ناوچه‌ی ئه‌لبوكه‌مالی  سوریا میلیشاكانی سه‌ر به‌ ئێرانی بۆردوومانكردوو به‌ هۆیه‌وه‌ 22 چه‌كداری سه‌ر به‌ میلیشاكان كوژران،  گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادەش رایگەیاند کە هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی حکوومەتی ئەمریکا بەرامبەر تاران نەگۆڕاوە و حکوومەتەکەی جۆ بایدن سەرەتایەکی نائومێد بەخشی دەستپێکرد.

 

ئاژانسی هەواڵیی فەرمی ئێران IRNA بڵاویکردەوە کە سەعید خەتیبزادە لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا لە تاران، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی داوەتەوە سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ.

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە باسی لەوە کرد کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا دەیانەوێت لە ئەنجوومەنی کارگێڕی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بڕیار لە دژی ئێران دەربکەن و گوتی: ”روونە کە ئەمریکا بە رێگایەکی هەڵەدا دەڕوات. حکوومەتەکەی بایدن لە جێبەجێکردنی بەڵێنەکانی ئەمریکادا سەرەتایەکی نائومێد بەخشی دەستپێکردووە. ئەو رێگای هاریکاریەی ئێران لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم گرتوویەتەبەر لە چوارچێوەی رێککەوتنی چاودێری ئەمنیی روونە و بەردەوام دەبێت”.

 

سەعید خەتیبزادە باسی لەوەشکرد کە پێویستە ئەمریکا سەرەتا بەڵێنەکانی بەجێبگەیەنێت بۆ ئەوەی لە رێککەوتنی ئەتۆمییدا هەبێت و گوتی: ”بەڕوونی هەڵوێستی ئێرانمان راگەیاندووە. لەو رووەوە هیچ گۆڕانکارییەک رووی نەداوە. ئەو رێگایەی پێویستە ئەمریکا بیگرێتەبەر زاڵبوونە بەسەر سیاسەتە هەڵەکانی حکوومەتی پێشووی ئەمریکا، بەڵام هیچ گۆڕانکارییەک لە سیاسەتی دژبە ئێران و گوشاری لەرادەبەدەردا رووی نەداوە”.

 

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەعید خەتیبزادە هەروەها باسی لەوە کرد کە تا ئێستا گفتوگۆی دووقۆڵی راستەوخۆ لەنێوان ئێران و ئەمریکا ئەنجام نەدراوە.

 

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف ئاماژەی بەوە کرد کە وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا هەوڵیانداوە لە دەزگای ئەنجوومەنی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمەوە بڕیار لە دژی ئێران دەربکەن و رایگەیاند ”وڵاتانی یەکێتیی ئەورووپا بە پشتیوانی ئەمریکا لە دەزگای ئیدارەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمدا دەستیان بە جووڵەی هەڵە کردووە. پێموایە ئەو هەوڵانە دەبنە هۆی تێکدانی هەلومەرجەکان. هەموو ئەندامانی ئەنجوومەنەکەمان ئاگادارکردووەتەوە لە تێکچوونی ئەو هەلومەرجەی ئێستا هەیە. ئومێدەوارم بە هۆش بێنەوە. ئەگەر وا نەبێت ئەوا رێگاچارەی دیکەمان هەیە’

Back to top button