وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان بڕیاری بەکارهێنانی ڤاکسینە چینییەکەی دەرکرد پزیشكان و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی یه‌كه‌مجار پێیان ده‌درێت

وەزارەتی تەندروستی رایگەیاند، بڕیاری بەکارهێنان و دابەشکردنی ڤاکسینی سینۆفاڕم-ی دژە ڤایرۆسی کۆرۆنا COVD19 لە هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتەکەیانەوە، لەگەڵ دەرچوونی بڕوانامەی شیکاری و رێگەپێدانی بەکارهێنان و سەلامەتیی وەرگرتن، دەرچوو.
د. ئاسۆ حەوێزی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بە فەرمی بڕیاری دابەشکردن و پێدان و بەکارهێنانی ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆڕۆنا COVID19ی دا، کە لەلایەن سەنتەرەکانی وەرگرتنی پێکوتە لە پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان لە ئەمڕۆوە دەتوانرێت بەکاربهێنرێت وەکو قۆناخی یەکەم بۆ کوتانی پزیشکان و کارمەندانی تەندروستیی هێڵی پێشەوە لە نەخۆشخانەکان و سەنتەرەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بەپێی رێنمایی و پلانی نیشتمانی داڕێژراو.
ڤاکسینی جۆری سینۆفاڕم (Sinopharm)ی چینی لەلایەن کۆماری چین بە بڕی پێنج هەزار ژەم بۆ هەرێمی کوردستان دابینکراوە، گوتەبێژەکەی وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی پاڵپشت بە پلانی نیشتمانی و رێکارە دەستنیشانکراوەکان.
د. ئاسۆ حەوێزی دڵنیایی داوە لەوەی “بەردەوام دەبین لە هەموو هەوڵەکانی دابینکردنی بڕی زیاتری ڤاکسین بە پاڵپشتی و رەزامەندیی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی عێراقی فیدراڵ بۆ چین و توێژەکانی دیکەی مەترسیدار لە کۆمەڵگە لەپێناو دوورخستنەوەی ئەم پەتایە لە هەرێمی کوردستان”.
وەزارەتی تەندروستی چەند رێنماییەکی ئاراستەی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانی تەندروستیی هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەڵەبجە، ئیدارەی گەرمیان، ئیدارەی راپەڕین و کۆیە کردووە و داوایان لێدەکات بە ناردنی نوێنەری رێگەپێدراویان بۆ وەرگرتنی بەشە ڤاکسینی بەڕێوەبەرایەتییەکانیان بەپێی خشتەی پلانی دابەشکردن.
بەپێی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی، “پێویستە” کاروانی یەکەمی ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ تەمەنی نێوان 50 بۆ 60 ساڵان بێت.
دەقی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان

دەقی نووسراوی وەزارەتی تەندروستی بۆ بەڕێوەبەرایەتییەکانی تەندروستیی هەرێمی کوردستان
Back to top button