سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى سه‌ركۆنه‌ى هێرشى سه‌ر بنكه‌ى عه‌ينولئه‌سه‌د ده‌كات

زۆر به‌ توندى سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و هێرشه‌ مووشه‌كييه‌ ده‌كه‌م كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ هێزه‌كانى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى به‌ سه‌ركردايه‌تيى ئه‌مه‌ريكا له‌ بنكه‌ى عه‌ينولئه‌سه‌دى ئاسمانى له‌ پارێزگاى ئه‌نبار له‌ عێراق كرده‌ ئامانج و له‌ ئه‌نجامدا به‌ڵێنده‌رێك گيانى له‌ ده‌ست دا. سه‌ره‌خۆشى له‌ خانه‌واده‌ و كه‌سوكارى قوربانييه‌كه‌ ده‌كه‌م، له‌م كاته‌ سه‌خته‌دا هاوسۆز و هاوخه‌ميانم.

دووباره‌بوونه‌ى به‌رده‌وامى په‌لاماردان و هێرش له‌سه‌ر هێزى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى دژى داعش كه‌ له‌سه‌ر داواى حكوومه‌تى عێراقى فيدرأڵ بۆ پشتگيرى و هاوكاريكردنى له‌ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر له‌ عێراقن، به‌ ته‌واوى دژى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كانى عێراقه‌ و ئارامى و سه‌قامگيريى وڵات و ئێستا و داهاتووى ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌كى ڕاسته‌قينه‌وه‌.

بێگومان عێراق له‌ دۆخى ئێستايدا هێشتا پێويستى به‌ به‌رده‌واميى هاوكارى و يارمه‌تيدانى ئه‌مه‌ريكا و هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تييه بۆ ڕێگرى له‌ به‌هێزبوونه‌وه‌ى داعش و له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كيى ئه‌و ڕێكخراوه‌ تيرۆرستييه‌ى ڕۆژ به‌ ڕۆژ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كه‌ى زياتر ده‌بێت و كرده‌ سه‌ربازييه‌كان و جموجووڵه‌ تيرۆرستييه‌كانى فراونتر ده‌بن.

داوا له‌ حكوومه‌ت و په‌رله‌مان و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌كان و پێكهاته‌ و گه‌لانى‌ عێراق ده‌كه‌م به‌رامبه‌ر ئه‌م هێرش و په‌لامارانه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ڕێگه‌ نه‌درێت له‌سه‌ر حيسابى به‌رژه‌وه‌ندييه‌كان و داهاتووى ئه‌وان، عێراق بكرێته‌ گۆڕه‌پانى پێكدادان و يه‌كلاكردنه‌وه‌ى ململانێكان.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

2021/3/3

Back to top button