مەسرور بارزانی پێشوازی لە سەرۆکی ئیتیلافی نیشتمانیی ئۆپۆزسیۆنی سوریا دەکات
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە نەسر حەریری سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوا پەرەسەندنەکانی بارودۆخی سیاسیی سووریا و ناوچەکە و هەوڵەکانی چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا تاووتوێ کرا.
سەرۆکی ئیئتیلافی نیشتمانیی سووریا سوپاسی هەڵوێستی دۆستانەی هەرێمی کوردستانی کرد بەرامبەر گەلی سووریا و داخوازییە ڕەواکانی، بە تایبەتی میوانداریکردنی سەدان هەزار پەنابەری سووری لە هەرێمی کوردستان، کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئابووری، پێشوازی لە پەنابەران کردووە و هاوکاریی کردوون.
سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوە دا کە هەرێمی کوردستان، پشتیوانیی لە هەموو هەوڵێک دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی سووریا بە شێوەیەکی ئاشتیانە و بە ئاراستەی سەقامگیربوونی ئاشتی و ئارامیی لە ناوچەکە و دابینکردنی مافی گشت پێکهاتە و گەلانی سووریا لە نێوێشیاندا مسۆگەرکردنی داخوازییە ڕەواکانی گەلی کورد لەو وڵاتەدا.
سەرۆکی حکوومەت، نیگەرانیی خۆشی بەرامبەر ئەو پێشێلکارییانە دەربڕی کە لە عەفرین ڕوویانداوە و هیوای خواست کە ڕێگرییان لێ بکرێت .