چەند راستیەک لە پەراوێزی سیناریۆی لێدانی غالب محمد

غالب محمد ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە رۆژی ٢٠٢٠/٢/٢٦ کەوتە نێو سیناریۆیەکی گوماناویی تاقمی لاهوور جەنگی و ئەو بابەتەش بووە جێگەی سەرنجی ڕاگەیاندن و میدیاکان. وێڕای ئەوەی حکومەتی هەرێم و دامودەزگا فەرمییەکان سەركۆنەی ئەو کارەیان  کرد و گشت هەوڵێک درا بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەیەکی گونجاو لەبارەی ڕووداوەكەی لێدانی غالب محەمەد ئەنجام بدرێت بەڵام تاقمی لاهوور رێگەیان بە دەزگاکانی پۆلیس و هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێم نەدا بە کارەکەیان هەڵسن و كۆسپیان بۆ لێكۆڵینەوەی دەزگا پەیوەندیدارەكان دروست كرد. سەرباری ئەوەش گرووپەكەی لاهوور لە رێگەی سۆشیالمیدیای خۆیان دەستیان بە بڵاوکردنەوەی پروپاگەندەی دژ بە یەک کرد بۆ ونکردنی راستیەكان و بە لاڕێدابردنی رێرەوی لێکۆلینەوە. ئەوان تەنانەت رێگەیان بە دامەزراوەکانی دادیش نەدا کە لەو كەیسەدا بە ئەرکەکەیان هەڵسن و، خێرا سیناریۆکەیان تێكەڵی چەندین سیناریۆی تر كرد و بەمجۆرە تاوانباری کەیسەکەیان شاردەوە و لە رێگەی کۆکردنەوەی تەواوی کامیراکانی چاودێری رێگەیان لە دامەزراوە فەرمییەکان گرت کە بگەنە راستی و چۆنییەتی رووداوەکە.

ئەوەی جێگای سەرسورمانە، لاهوور فەرمانی بە هێزەکانی سەر بە تاقمەکەی کرد کە لە رێگەی ترس و تۆقاندنەوە وتە لە هاوسەر و منداڵانی هەندێک لە کادیرانی حیزبەکانی تر وەربگرن و لەو رێگەیەوە گوشاریان بۆ سەر کادیرانی لایەنەکانی تر دروست کرد. هەروەک پیشەی هەمیشەیی، ئەو تاقمە بە ترساندن و گوشارهێنان خەڵك ناچار دەكەن پێچەوانەی راستییەكان قسە بكەن.

هەر لەو چوارچێوەیە دا (ئاری عارف) یەکێک لەوانەی کەوتە بەر هەڵمەتی ترس و تۆقاندنی تاقمەکە باس لەوە دەکات کە لەو کاتەی لە گەڵ هاوسەر و منداڵەکانی لە دەرەوە بوون لە لایەن چەند ئۆتۆمبێلێکەوە راگیراوە و سووکایەتی بە خۆی و خانەوادەکەی کراوە و بە بێ بوونی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی و فەرمانی دادوەر هەموویان راپێچی دەزگایەکی ئەمنی (ناوی پارێزراوە) کردووە. کارمەندانی ئەو دەزگا ئەمنییە هەموو شێوازێكی ئەشکەنجەدانیان پەیڕەو کردووە و بۆ ئازاردانیان تەزووی کارەبایان بە کارهێناوە بۆ ئەوەی دان بەو فۆرمە پرسیار و وەڵامانە دا بنێن کە ئەوان پێشتر ئامادەیان کردبوون. گیراوەکان لە سەر بنەمای سیاسی ئەشکەنجە دراون و بەمجۆرە بۆ چەواشەكردنی هاوڵاتیان ڕاستییەكە دەشارنەوە و سناریۆیەكی تازەیان داڕشتووە و دژ بە رکابەرە سیاسیەکانیشیان بەکاری دەهێنن. تاقمی لاهوور بەهۆی ئەشکەنجەی جەستەیی و لێدانی تەزووی کارەبا، گیراوەکانیان ناچار کردووە کە لە بەردەم کامیرا قسە بکەن و ئەو شتە بخوێننەوە کە پێشتر بۆیان ئامادە كرابوو.

لێرەدا پرسیار ئەوەیە، ئەو شێوازەی کە بەکارهاتووە چۆن لە گەل پێوەرەکانی مافی مرۆڤ و ئازادی کەسی و هاووڵاتیبوون یەكدەگرێتەوە؟

Back to top button