پاپا فرانسيس بۆ بەرپرسانی عێراق، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن

پاپا فرانسیس لە بەغدا بە ئامادەبوونی، سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، له‌ كاتى پێشكه‌شكردنى گوتارێکدا  داوای لە بەرپرسانی عێراق کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن”. 
پاپا فرانسيس لە سه‌ره‌تاى گوتاره‌كه‌يدا گوتی، “هاتووم هانیان بدەم بۆ بەردەوامی لەسەر بڕواداریان و خۆشەویستی لەنێو کۆمەڵگەیەکی سڤیلدا، سڵاو بۆ ئەندامامی کەنیسەکانی دیکە، هەروەها گرووپە مەسیحییەکانی کەنیسەکانی دیکە، سڵاو بۆ ئیماندارانی مسوڵمان دەنێرم، هەروەها شوێنکەوتووانی هەموو ئایینیەکان، داواکارم خوای گەورە پێکەوە رێگەمان بدات وەکو خوشک و برا راستی پارێزی هەموو ئاینیەکان کە بریتییە لە ئاشتی.”
پاپا فرانسیس له‌ گوتاره‌كه‌يدا گوتى، ئایین دەبێت لە خزمەتی ئاشتی و برایەتیدا بێت، نابێت ناوی خودا بەکاربهێندرێت بۆ کوشتن و تیرۆر.
پاپا گوتیشی “هاتووم ئاشتیم لەگەڵ خۆمدا هێناوە و، زۆر جار نوێژمان لەپێناو ئاشتی بۆ عێراق کردووە”.
پاپا  فرانسيس داوای لە بەرپرسانی عێراقیش کرد، بەرژەوەندییە تایبەتییەکان وەلابنێن و هەڵگرتنی چەک سنووردار بکەن، داواکەی بۆ سنووردارکردنی چەک بۆ هەموو جیهان بوو.”
وه‌ك پاپا گوتی، “لەکاتێکدا هەژاری و برسێتی بڵاوبووەتەوە، هەست بەو بەرپرسیاریێەتییە دەکەم لەسەر شانمانە بۆ هاوکاریکردنی کەسانی هەژار و بێکار”.
پاپا، لە بەشێکی دیکەی گوتارەکەیدا له‌به‌رده‌م به‌رپرسان له‌به‌غدا، ئاماژەی بەوە کرد، پێویستە سیاسەتمەداران لەبەردەم گەندەڵی و قۆستنەوەی دەسەڵات بووەستنەوە، دەبێت کارێک بکرێت کەس هەست بەوە نەکات هاووڵاتیی پلە دووە.
 لەبارەی کوردانی ئێزدی  يش، پاپا فرانسیس گوتی، “لەناو ئەو هەمووانەدا کە ئازاری زۆریان چەشت، بیرم لای ئێزدییەکانە کە قوربانییەکی بێتاوانی کاری وەحشیگەرانەی بێ بەزەییانە بوون. ئەوان چەوسێندرانەوە و کوژران لەبەر ئایینەکەیان و لە هەمانکاتیشدا ناسنامە و مانەوەیان لە ژیاندا خرایە مەترسییەوە”.
پاپا فرانسیس باسی لەوە کرد، “ئایین، بە سرووشتی خۆی، دەبێت لە خزمەتی ئاشتی و برایەتییدا بێت. ناکرێت ناوی خودا بۆ رەوایەتییدان بە کوشتن، دوورخستنەوەی خەڵک، تیرۆر و چەوساندنەوە بەکاربهێندرێت”.
Back to top button