دۆخى مه‌سيحييه‌كان له‌ ده‌شتى نه‌ينه‌وا و كه‌ركووك ناله‌باره‌ … “به‌هۆى خيانه‌تى 16 ى ئۆكتۆبه‌ره‌”

دوو په‌رله‌مانتارى پێكهاتەی مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنن:  خیانەتكارانی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ زیانێكی گەورەیان بە مەسیحییەكانی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان گەیاندووە و له‌كه‌ركووكيش دۆخی مه‌سیحییه‌كانی ناله‌باره‌.

بڕیارە سبەی یەكشەممە پاپا فرانسيس بگاتە هەرێمی كوردستان. لەو سەردانەی پاپا چاوى به‌ په‌رپرسانى باڵأى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌وێت و له‌ياريگاى فڕانسۆ هه‌ريرى يش زياتر له‌ 10 هه‌زار كه‌س ده‌بينێت.

رۆبینە تیارى، په‌رله‌مانتارى مه‌سيحى له‌په‌رله‌مانى كوردستان رايگەیاند، دۆخی ناوچە كوردستانییەكان بە تایبەتیش مەسیحییەکانی ئەو ناوچانە رۆژ دوای رۆژ بەرەو خراپتر دەڕوات ، بە تایبەتیش دوای خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەر، جگە لەوەی مەسیحییەکان ناتوانن بۆ ناوچەکەی خۆیان بگەڕێنەوە و بە بەرنامە دیمۆگرافیای ناوچەکەمان دەگۆڕن، ئەمەش مەترسییەکی گەورەیە بۆ داھاتووی ئەم ناوچانە.

رۆبینە راشيگەیاند: ”خيانه‌تى 16 ى ئۆكتۆبه‌ر ھۆکار بوو بۆ زیاتربوونی  ئاوارەیی و دەربەدەری و کۆچکردنی مەسیحییەكان بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەو ڕووداوانە وایانکرد ئەو ناوچانە بەھۆی نەبوونی پێشمەرگە دۆخی ئەمنییان ناجێگیرە و مەترسیداریشە، تاکە چارەسەریش گەڕانەوەی پێشمەرگەیە“.

بارودۆخی مەسیحییەكانی شاری كەركووكيش نالەبارە و بەردەوام بۆ شارەكانی هەرێمی كوردستان و دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن “. په‌رله‌مانتارێكی مه‌سیحی واى گوت.

لاى خۆشيه‌وه‌ فەرید یەعقوب، پەرلەمانتاری مەسیحی لە پەرلەمانی كوردستان، ڕايگەیاند، سه‌ردانی قەداسەتی پاپا بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان زۆر گرنگە، دەبێ ئەو كەسانەی نزیكن لە پاپا هەموو كێشەكانی مەسیحییەكانی بۆ ڕوون بكەنەوە، بەتایبەت لە كەركووك و شوێنەكانی تری عێراق، كە مەسیحی لێ دەژین.

گوتیشی، ” دۆخی مەسیحییەكان نالەبارە بە هۆی خراپیی دۆخی عێراقەوە، ژماره‌یه‌كی زۆری مەسیحییەكان بۆ دەرەوەی وڵات كۆچ دەكەن و حكوومەتی عێراقیش بە دادپه‌وه‌ری كار ناكات بۆ چارەسەركردنی دۆخی مەسیحییەكان .

مەسیحییەكان لە سایەی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی لە شاری كەركووك تەنانەت وەكوو پێویست ناتوانن مومارەسەی ئاینی خۆشیان بكەن و بە هۆی ئایینەكەیانه‌وه‌ دەكرێنە ئامانج.

لە ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ لاهوور جەنگی و تاقمە خۆفرۆشەكەی، خیانەتیان لە هێزی پێشمەرگەی كوردستان كرد و كەركووك و ناوچەیەكی بەرفراوانیان لە باشووری كوردستان بە خاك و خەڵكەوە رادەستی میلیشیا عەرەبە شیعەكان كرد. بەم هۆیەشەوە نەك تەنیا پێكهاتەی كورد، بەڵكوو مەسیحی و پێكهاتەكانی دیكەش زیانێكی زۆریان بەركەوت و كەوتنە ژێر رەحمەتی میلیشیا شیعەكانەوە.

 

Back to top button