مستەفا هیجری: داوا دەكات كە هیچ هێزێكی كوردی لە پارچەیەكی تر دەستێوەردان لەپارچەیەكی تر نەكات
خواكوڕك
مستەفا هیجری، سکرتێری گشتیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە بۆنەی بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی مۆسکۆوە پەیامێکی ئاراستەی ئەو كۆنفراسە كردووە لە پەیامەكەی دا داوا دەكات كە هیچ هێزێكی كوردی لە پارچەیەكی تر دەستێوەردان لەپارچەیەكی تر نەكات و رێز لە خەبات بەشەكانی تری كوردستان بگرێت و دەلێت لە هەلومەرجی هەنووکەییدا، بوونی پێوەندی تاکتیکیی هەر لایەنێکی خەباتگێڕی کوردستان بە دەوڵەتانی داگیرکەرەوە تا ئەوجێگایە ڕێی پێدراوە، کە لەسەر حیسابی دژایەتی و زەرەر گەیاندن بە بزووتنەوەی ئەو پارچەیە لە کوردستان تەواو نەبێت، بەڵام کاتێک ئەو پێوەندییانە ببنە هۆی زەرەر پێگەیاندن و بەتاڵکردنی ستراتێژ و خەباتی ئەو بەشە لە ناوەرۆک و جەوهەری ناسنامە نەتەویی و دێموکراتیکەکەی، ئەوکات نەتەنیا خزمەت بە گەلی کورد نەکراوە، بەڵکوو یەکڕیزیی نەتەوەییش تێکدراوە و لە هەموو کەس زیاتر دوژمن و نەیارانی کورد لەو کارە کەڵک وەردەگرن.
هەر لە پەیامەكەدا سكرتێری حزبی دیموكراتی كوردستانی_ ئێران لەبارەی یەك نەتەوەی كورد و یەكپارچەی كوردستان و دۆخی ئێستای پارچەكانی كوردستان دەلێت، ئێمە وەکوو حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە سەر فەلسەفە و بنەمای کۆماری کوردستان، لەو بڕوایەداین کە کورد یەک نەتەوە و کوردستانیش یەک وڵاتە، بەڵام بەداخەوە بە هۆی داگیرکەریی نەیاران و ئاسمیلاسیۆن و هەوڵی لەنێوبردنی سەدان ساڵەی کورد، ئەمڕۆکە هەر پارچەیەک لە وڵاتی ئێمە، خۆی لە تایبەتمەندیی جیاوازی سیاسی، کولتوری و …هتددا دەبێنێت، بۆیە پێویستە بە لەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیە، هەر حیزب و لایەنێکی وڵاتپارێزی کوردستان لە هەر پارچەیەکدا، سەرەڕای هەر ڕوانگە و ئیدئۆلۆژییەکی سیاسی، وەکوو پرەنسیپ ڕەچاوی دەستێوەرنەدان لە کاروباری پارچەکانی دیکەی کوردستاندا بکەن و لە سەر بنەمای بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی، پێکەوە هاوکار و یارمەتیدەر بن.
لەبارەی ئینكاری كردن و تاكرەوەی هێزەكان و گۆڕینی لۆژیكی خۆسەپاندن مستەفا هیجری لە پەیامەكەی دا دەشلێت، ئێمە لەو باوەڕەداین کە ئەو ململانێ، دژایەتی و گۆڕانکارییانەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و بە تایبەتی لە وڵاتانی کوردنشیندا هەیە، دەتوانێ بۆ گەلی کورد هەم دەرفەت بێ، و هەم هەڕەشە و مەترسیدار بێ، بۆیە ئەگەر پارت و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بتوانن ئەو دووبەرەکی و ململانێیەی نێوان هێزە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان بقۆزنەوە و بیکەنە دەرفەت، بەر لە هەر شتێک پێویستە پرەنسیپی رێزگرتن و قەبووڵ کردنی یەکتر بە ئەساس بگیردرێت تاکوو هەر پارت و لایەنێک بە دوور لە لۆژیکی ئینکارکردن، تاکڕەوی، دژایەتی و دەستێوەردان لە کاروباری یەکتردا، بتوانن پێکەوە بە گوتارێکی نەتەوەیی و دێموکراتیک پێشەنگایەتی تەڤگەری ڕزگاریخوازیی کورد بۆ وەدەستهێنانی ئامانجە نەتەوەییەکانی بکەن.
هەروها سكرتێری حدكا لەبارەی بەئامانج گرتنی خەباتی نەتەەی و هەڵومەرجی ناوچەكە دەلێت ، بە لەبەرچاوگرتنی دۆخ و هەلومەرجی هەستیاری ناوچەکە و خێرایی گۆڕانکارییە سیاسییەکان و ڕۆڵ و کاریگەرییان لە سەر چارەنووس و قەدەری گەلی کورددا، پێویستی خەبات و تێکۆشانی هەر لایەنێکی خەباتگێڕی کوردستانە کە وەک زەروورەتێک لە ئاست بەرپرسایەتی نەتەوەیی و سیاسیدا پتر لە هەرکاتێک لە پێناو یەکڕیزی و هاوکاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان تێبکۆشن و بەرژەوەندییە باڵاکانی نەتەوەیی و ڕزگاریی گەلی کوردستان بە ئامانج بگرن هەورەها دەشلێت، بۆیە لە دۆخی ئەمڕۆییدا، بەر لە هەر شتێک پێویستیمان بە دروستکردنی زەمینە و ژینگەیەکی تەندروست و دێموکراتیک لە نێوان هەموو هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستاندا هەیە، تاکوو بتوانین لە لایەکەوە یەکیەتی نەتەوەیی مسۆگەر بکەین و لە لایەکی تریشەوە بەو میکانیزمەوە دەتوانین سەرکەوتنی هەر پارچەیەک لە کوردستان بکەینە دەرفەت و فاکتەری یارمەتیدەر بۆ بەرەوپێشبردنی خەباتی ڕزگاریخوازی لە پارچەکانی دیکەی کوردستاندا.