ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان داوا وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌كات رێكاری یاسایی بگرنه به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و ووتارخوێنانه‌ی ووتاری توندڕه‌وی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و سوكایه‌تی به ئایینه‌كان ده‌كه‌ن
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ به‌بۆنه‌ی سه‌ردانی كردنی پاپا فڕانسیس بۆ عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و ئه‌و سه‌ردانه به تۆمار كردنی ڕوداوێكی گرنگ له‌مێژووی هه‌رێمی كوردستان ده‌زانێت.
له‌كاتێكدا عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه به‌گشتی به كۆمه‌ڵێك گۆڕانكاری و بارودۆخی سه‌خت تێده‌په‌ڕێت و هێشتا له‌ناو عێڕاق گروپه تیرۆریستیه‌كان و پاشماوه‌كانی داعش جموجۆڵ ده‌كه‌ن و مه‌ترسین بۆ سه‌ر هه‌ندێ ناوچه‌وهه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن ، وه له‌دوای ساڵی 2014 وه به‌هۆی هێرشه‌كانی گروپی داعش ژماره‌یه‌كی زۆری مه‌سیحیه‌كان عیڕاقیان به‌جێ هیشت و چونه وڵاتانی ئه‌وروپا به‌هۆی ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسیانه‌ی له‌سه‌ریان دروست بوو وه ژماره‌كیشیان هاتنه هه‌رێمی كوردستان وه‌ك ماڵی دووه‌می خۆیان ، له‌وكاته‌و له‌ناو ئه‌و هه‌موو قه‌یرانانه كه هه‌موولا تامه‌زرۆی ده‌ستی خێر‌و چاوه‌ڕێ ی ئاشتی ده‌كه‌ین ، عێڕاق و هه‌رێمی كوردستان ڕۆژگارێكی گرنگ و مێژوویی تۆمار ده‌كه‌ن به‌سه‌ردانی كردنی پاپا فڕانسیس ڕابه‌ری گه‌وره‌ی ڤاتیكان و په‌یڕه‌وانی كاسولیكی له‌جیهان.
سه‌ردانی قه‌داسه‌تی پاپافرانسیس بۆ عێراق وهه‌رێمی كوردستان به ڕوداوێكی مێژوویی و گه‌وره هه‌ژمار ده‌كرێ له‌مێژووی ئه‌و وڵاته‌و مرۆڤایه‌تی ، وه ئه‌و سه‌ردانه په‌یامێكی گرنگه بۆ مرۆڤایه‌تی كه قه‌دداسه‌تی پاپا له‌گه‌ڵ خۆی په‌یامی ئاشتی و پێكه‌وه ژیانی هێناوه‌و له‌گه‌ڵ سه‌رجه‌م ئایین و ئاینزاكانی عیڕاق كۆده‌بیته‌وه‌و سه‌ردانی چه‌ندان شوێنی پیرۆزی میژوویی ده‌كات كه خاكی پێغه‌مبه‌ران و مێژووی پڕ شانازی ئه‌و گه‌لانه‌یه كه له‌و وڵاته ژیاون.
سه‌ردانی كردنی پاپا فڕانسیس بۆ هه‌رێمی كوردستان تۆماركردنی شانازیه‌كی تره بۆ هه‌رێمی كوردستان كه نمونه‌ی پێكه‌وه ژیان و لێبورده‌ییه له‌ناوچه‌كه به‌گشتی ، ودڵنیاین سه‌ردانه‌كه‌ی قه‌دداسه‌تی پاپا بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌بێته مایه‌ی خۆشگوزه‌رانی وپه‌ره‌پیدانی زیاتری هه‌رێمی كوردستان وقوڵ بونه‌وه‌ی یه‌كتر قبوڵكردن و ئاشتی و پێكه‌وه ژیان كه به‌شێكن له‌مێژووی جوانی مێژووی كورد‌و كوردستان.
گرنگی دانی پاپا فڕانسیس به‌هه‌رێمی كوردستان و سه‌ردان و كۆبونه‌وه‌كانی له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كان و كه‌سایه‌تی وپێكهاته‌كان و چین و تویژه‌كانی هه‌رێمی كوردستان په‌یامێكی زۆر گرنگ و به‌رزه‌و مایه‌ی شانازی هه‌رێمی كوردستانه كه ناوی ده‌چێته مێژووی ئه‌و وڵاتانه‌ی كه قه‌دداسه‌تی پاپا سه‌ردانی ده‌كات و به‌گرنگیان ده‌زانێت ، ئه‌وه‌ش دوپاتی ئه‌و ڕاستیه ده‌كاته‌وه كه هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه باوه‌شی كراوه‌بوه بۆ ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان و به‌یه‌كه‌وه مێژووی ئه‌و وڵاته‌یان نوسیوه‌ته‌وه‌و به‌درێژایی مێژوو لانكه‌ی مرۆڤایه‌تی و ژیان دۆستی بوه.
به‌داخه‌وه هاوكات له‌گه‌ڵ هاتنی پاپا فڕانسیس بۆ عیڕاق و هه‌رێمی كوردستان هه‌ندێ ده‌نگی نه‌شاز ده‌بیسترێن له‌لایه‌ن هه‌ندێ خه‌ڵك كه به‌ووتارو په‌یامه‌كانیان دژی سه‌ردانه‌كه‌ی قه‌دداسه‌تی پاپا قسه‌و وتاریان داوه‌و سوكایه‌تی به قه‌دداسه‌تی پاپاو مه‌سیحیه‌كان ده‌كه‌ن وڕێز له ڕای جیاواز‌و ئایینی جیاواز ناگرن و په‌یامه‌كانیان دژی هه‌موو پره‌نسیپه‌كانی پێكه‌وه ژیان و دژی په‌یامه ئاسمانیه‌كانه‌و پێچه‌وانه‌ی یاسای ژماره (5) ی ساڵی 2015 ی مافی پێكهاته ئایینیه‌كانیشه ، ئه‌و ده‌نگانه به‌هیچ شێوه‌یه‌ك نوێنه‌رایه‌تی كه‌س ناكه‌ن و نامۆن ولای هیچ مرۆڤێكی ئازادیخواز‌و باوه‌ڕدار قبوڵكراو نیه ، وه داوا له وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ده‌كه‌ین رێكاری یاسایی بگرنه به‌ر به‌رامبه‌ر ئه‌و ووتارخوێنانه‌ی ووتاری توندڕه‌وی بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌و سوكایه‌تی به ئایینه‌كان ده‌كه‌ن.
هیوادارین ئه‌و سه‌ردانه‌ی قه‌دداسه‌تی پاپا فڕانسیس ببێته مایه‌ی خۆشبه‌ختی بۆگه‌ڵانی عێڕاق وهه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌ت و ئاشتی بۆ جیهان بگه‌ڕێنته‌وه‌و ببێته دڵ نه‌وایی زیاتر بۆ خوشك و برایانی كریستیان به‌تایبه‌ت.
ده‌سته‌ی سه‌ربه‌خۆی مافی مرۆڤ له‌هه‌رێمی كوردستان.
6 ی ئاداری _ 2021