بە سەردانەكەی پاپا فرانسیس كوردستان كەوتە سەر نەخشەی نێودەوڵەتی
دكتۆر دلاوەر عەلائەدین سەرۆكی ئینستیتیۆتی رۆژهەڵاتی ناوەراست بۆ توێژنەوە لە دیمانەیەكی دا لەگەڵ كەناڵی رووداو رایگەیاند” ئاستی ململانێ و بنکۆڵکردنی دەوڵەت و سەروەر نەبوونی یاسا ئەوەندە گەیشتووەتە قوڵاییەوە، کە بەسەردانێکی پاپا چارەسەر نابێت، هاوکات هاتنی پاپا فرانسیس کوردستان دەخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی.
هەروەها عەلائەدین دەشلێت” سەردانەکەی، پاپا فرانسیس ئەو لایەنەی عێراقی نیشانی خەڵک و خودی عێراقییەکانیشدا کە لایەنێک هەبووە غائیب بووە، “ئەویش ئەو لایەنە رووحییەیە کەوا مەسەلەی وڵات و پێکەوەژیان و مەسەلەی قوربانی ئەو کۆمەڵگەیانەی بە تایبەت زۆرینە نین، ئەو حوکمە شلۆقەی کە وایکردووە ئەو عێراقە لەرزۆک بێت، خەڵکەکەی سوود لە سەروەتەکەی نەبینێت، دەوڵەمەند نەبێت و نا سەقامگیر بێت و روو لە دەرەوە بکات”.
ئاماژە بەوەش دەکات، کاتێک کە پاپا هاتووە، لە خەیاڵی کەسدا نەبوو عێراق بتوانێت پێشوازی لە کەسایەتیەکی وەها بکات، لە خەیاڵی کەسیشدا نەبوو کە هەموو چەکەکان بێدەنگ بن، عێراق بتوانێت لە رۆژی هاتنی تاوەکو رۆژی دەرچوونی، خەڵکەکەی یان هێزە سیاسییەکان و ئەمنییەکان دان بەخۆیاندا بگرن. لە خەیاڵی کەسدا نەبوو کە موسڵمان و مەسیحی بتوانن دیالۆگیان هەبێت. “پاپا نیشانیداین کە بەڵێ دەکرێت عێراق هەم سەقامگیر بێت، هەم پێکەوەژیان و ئاشتەوایی و دیالۆگ هەبێت، گرنگییەکی تایبەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت، بەقەد ئەوەی گرنگی بە کریستیاندا گرنگی بە ئێزدی و ئایینەکانی دیکەشدا”.
هەروەها د. دلاوەر عەلائەدین پێیوایە لەرووی سیمبوولییەوە گرنگییەکی تایبەتی هەیە، “چونکە ئەمە یەکەم سەردانە بۆ کوردستان و رەنگە کۆتا جاریش بێت بۆ هەر پاپایەک، چونکە ئاسان نییە، هەروەها گوتیشی” پاپا دەزانێت ئێرە شوێنی حەوانەوەی کریستیانە لێقەوماوەکان بووە، بینیویەتی کە هەموو پێکهاتەکان بە نەتەوە و ئایینەوە لە کوردستان حەوێندراونەتەوە، کاتێک کە لێیان قەوما باقی عێراق نەیتوانی لەخۆیان بگرێت، نەینەواش کە دراوسێی کوردستانە لە رووی جیۆگرافی و بەرژەوەندی و کۆمەڵایەتییەوە کریستیانەکان تێکەڵاویان لەگەڵ کوردستان زۆر گرنگە، بۆیە بە گرنگییەکی تایبەتەوە سەیری کوردستانی دەکرد”.
هەروەها پێی وایە کە گرنگە کوردستان نیشانی بدات و نیشانیشی داوە کەوا بەس بە قسە نییە کە کریستیان بەشێکی گرنگن لە ئێمە، تورکمان و پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی دیکە بەشێکی گرنگن لە ئێمە، بەڵکو بە پراکتیکیش ئەمە رەنگی داوەتەوە لە سیستمی حکومڕانی و کۆمەڵگەی مەدەنی و لە مومارەسەکردنی ئایینەکانیان. “بۆیە دەکرێت بڵێین ئەو سەردانەی پاپا بۆ کوردستان بە دڵێکی زۆر ئاسوودەترە لەوەی نەیدەزانی لە عێراق تووشی چی دەبێت و کێ دەبینێت”.
ئەوەشی گوت، سەردانی پاپا فرانسیس جارێکی دیکە کوردستان و کێشەی لەخۆگرتنی ئاوارەکان و کێشەی سەقامگیرپێکردنی نەینەوا و ئەو ناوچەیە بخاتەوە سەر ئەجێندای نێودەوڵەتی. “دەمێک بوو خەریک بوو کوردستانیش کێشەی ئێزدی و کریستیانەکان و کێشەی ناسەقامگیری و پێکدادانی چەکدارەکانی دەوروبەری نەینەوا لەبیر دەکرا، ببووە حاڵەتێکی سرووشتی، بەڵام هاتنی پاپا ئەمە دەخاتەوە سەر ئەجێندایەکی نێودەوڵەتی”.