موقتەدا سەدر داوا دەكات سبەینێ لە بەغدا خۆپیشاندان بكەن
خواكوڕك
لەگەڵ ئەوەی هەفتەی رابردوو هەفتەیەكی خوێناوی بەغدا بوو دوای ئەوەی هێزە ئەمنیەكانی عێراق تەقەیان لە خۆپیشاندەران كرد, هەشت كەس كوژران و بە سەدان خۆپیشاندەریش بریندار بوو, ئەمڕۆ رابەری رەوتی سەدر لە بەییاننامەیەكیدا داوا دەكات سبەینێ هەینی 17ی شوباتی 2017، هاوڵاتیان لە گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا گردببنەوە و “خۆپیشاندانێكی بێدەنگ” ساز بكەن.
موقتەدا سەدر فەرمانیشی كردووە بەو كەسانە كردووە كە ناوچەی سەوزیان بە هاوەن بۆردومانكرد، لە ماوەی 72 كاتژمێردا خۆیان رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكەن، جا ئەگەر ئەو كەسانە لایەنگری رەوتی سەدر یان “شۆڕشگێڕانی ریفۆرمخواز” بن.
موقتەدا سەدر لە بەیاننامەكەیدا رایگەیاندووە: “شۆڕشگێڕان گوێڕایەڵی و سوربوونی خۆیان لەسەر پرۆژەی چاكسازی سەلماندووە، بۆیە داوایان لێدەكەم سبەینێ لە گۆڕەپانی تەحریر خۆپیشاندانی بێدەنگ بكەن و تیایدا ئیدانەی دەستدرێژییەكان بكەن و جەخت لەسەر داواكارییە ئازادە رەواكانیان بكەنەوە.”
موقتەدا سەدر وتویەتی: “ئەگەر لایەنگرێكی رەوتی سەدر یان شۆڕشگێڕێك لە ناوچەی سەوزی داوە، فەرمانی پێدەكەم لەماوەی 72 كاتژمێردا خۆی رادەستی لایەنە پەیوەندیدارەكان بكات.”
لە 11ی شوباتی 2017، هەزاران كەس بەشدارییان لە خۆپیشاندانێكی گۆڕەپانی تەحریر لە ناوەڕاستی بەغدا كرد و داوای گۆڕینی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و یاساكانی كۆمسیۆنیان كرد، لە خۆپیشاندنەكەدا توندوتیژی دروستبوو و بەهۆیەوە هەشت خۆپیشاندەر كوژران و 320ی دیكەش برینداربوون و هەشت ئەندامی هێزە ئەمنییەكانیش كوژران و برینداربوون.
لە دوای ئەو رووداوانەش شەش گولـلە هاوەن ئاراستەی ناوچەی سەوز كرا كە بارەگای حكومەت و پەرلەمان و نوێنەرانی وڵاتانی لێیە و بەهۆیەوە باڵیۆزخانەی ئەمریكا زەنگی ئاگاداركردنەوەی لێدا.