وەزیرێكی دیكەی ترەمپ كشایەوە
خواكوڕك
دوای مانگێك لە دەستبەكاربونی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، چەند بەر پرسێكی باڵای دەستنیشانكراوی نێوكابینە تازەكە دەستیان لە كار كێشایەوە, لە نێویاندا مایكڵ فلین، راوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی لە سەرەتای هەفتەی رابردوو وە ئەمڕۆش كاندیدی وەزارەتی كار لە كابینەكەی ترەمپ كشایەوە.
كۆشكی سپی ئەمەریكا ئاشكرای كرد، ئەندرۆ بازدەر كاندیدی ترەمپ بۆ وەزارەتی كار بڕیاری كشانەوە داوە و پۆستەكەی وەرناگرێت.
دوای راگەیەندراوەكەی ئەمڕۆ پێنج شەممەی كۆشكی سپی، بازدەر لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند: لە كاندید كردنم بۆ پۆستی وەزارەتی كار دەكشێمەوە، هەرچەندە لە كابینەی نوێ كارناكەم، بەڵام پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ سەرۆك و تیمەكەی دوپات دەكەمەوە.
ئەندرۆ بازدەر، تاكە كاندیدی كابینەكەی دۆناڵد ترەمپە كە بەوشێوەیە و پێش وەرگرتنی متمانە دەكشێتەوە، ئەوەش بە گورزێكی گەورە و سوكایەتی بە سەرۆكی ئەمەریكا دادەنرێت كە تائێستاش نەیتوانیوە تیمە وزارییەكەی تەواو بكات، بەهۆی فشار و لەمپەرە پێشوەختەكانی دیموكراتەكانی ئەنجومەنی پیران، كە سەرجەم پۆستە باڵاكانی وڵاتەكە پەسەند دەكات.
لەبەرامبەردا، ماركۆ رۆبیۆی سیناتۆری كۆمارییەكان پێشوازی لە بڕیارەكەی كاندیدی وەزارەتی كار راگەیاند و وتی :”بازدەر بڕیارێكی باشی داوە بۆ كشانەوە”.
بازدەر، پێویستی بە (51) دەنگی ئەندامانی ئەنجومەنی پیران هەبو كە پێكهاتون لە (100) ئەندام، بەڵام ژمارەیەك لە ئەندامانی كۆمارییەكان كە ژمارەیان (52) كەسە ئامادە نەبون دەنگ بە كاندیدی وەزارەتی كار بكەن و دیموكراتەكانیش بە تەواوەتی دژی بون.