ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەتی ڤاتیكان : پاپا فرانسیس لەگەڵ باوكی ئالان كوردی كۆبووەوە

ئەمڕۆ یەكشەممە ڤاتیكان بڵاوی كردەوە پاپا فرانسیس لە میانی سەردانەكەیدا بۆ هەولێر، لەگەڵ عەبدوڵا كوردی باوكی ئالان كوردی ئەو منداڵەی لە ئاوەكانی توركیادا خنكا، كۆبووەوە.

بەپێی ماڵپەڕی فەرمیی دەوڵەتی ڤاتیكان، پاپا فرانسیس بە فەرمی لەگەڵ باوكی ئالان كوردیدا بۆ ماوەیەكی درێژ كۆبووەتەوە و قسەیان لەبارەی دۆخی منداڵانی ئاوارە و قوربانییانی شەڕ كردووە، دواتر دیارییان گۆڕیوەتەوە.

لەمبارەیەوە چەند وێنەیەكی پاپای ڤاتیكان و عەبدوڵا كوردی بڵاو بوونەتەوە، كە لە كاتی دیدارەكەدا دیاری دەگۆڕنەوە، دیاریی باوكی ئالانیش تابلۆیەكی ڕەنگاوڕەنگە، كە لەلایەكیەوە تەرمی خنكاوی ئالان دەردەكەوێ لە كەناری دەریادا.

ئالان كوردی كە ساڵی ٢٠١٥ لە تەمەنی سێ ساڵیدا لەگەڵ خێزانەكەی، لەبەر ستەمی ڕژێمی بەشار ئەسەد لە سووریا و هێرشی ڕێكخراوی تیرۆریستیی داعش، شاری كۆبانێی ڕۆژئاوای كوردستانیان بەجێهێشت و لە ڕێگەی ئاوەكانی توركیاوە هەوڵیان دا ڕوو لە ئەورووپا بكەن، بەڵام لە ڕێگەدا تووشی كارەساتی نقووبوونی بەلەمەكەیان بوون، یەكێك لە قوربانییەكان ئالان كوردی بوو، دوای ئەوەی خنكا و تەرمەكەی لە كەنارێكی دەریادا بەجێما، لەلایەن فۆتۆگرافەرێكەوە وێنەی گیرا و بە شێوەیەكی بەربڵاو بە جیهاندا بڵاوبووەوە، ئەمەش وای كرد ویژدانی جیهان بجوڵێنێ و ئالان ببێتە سیمبۆلی قوربانییانی سووریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

Back to top button