قاسم سلێمانی بۆچی چووەتە مۆسكۆ ؟

خواكوڕك
بە پێی هەوالێكی دەزگا ئەمنیەكانی ئەمریكا لە ئێستادا قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی ئێرانی لە مۆسكۆیە و چاوی بە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كەوتووە كە ئەمەش پێشێلكردنی ئەو سزایەی بە قەدەغەی گەشتكردنیەتی كە لەلایەن نەتەوە یەكگرتووەكانەوە بۆی دانراوە بەهۆی بوونی ناوی لە لیستی سزادراوەكانەوە.

بە پێی راپۆرتێكی كەناڵی (فۆكس نیوز)كە لە سەرچاوەی ئەمنیەكانی ئەمەریكایی وەرگرتووە، سلێمانی لەو سەردانەیدا بێزاری وڵاتەكەی لەبارەی نزیكبوونەوەی رووسیا و سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو بە مۆسكۆ رادەگەیەنێت، بێجگە لە سازكردنی گرێبەستی كڕینی چەك و بازرگانییەوە.

بە پێی هەواڵەكە ئەوە چوارەم جارە كە ئاژانسەكانی هەواڵ سەردانی سلێمانی بۆ مۆسكۆ لە ماوەی دوو ساڵی رابردوو ئاشكرا دەكەن كە دواترینیان لە كانوونی یەكەمی 2015 بووە و تیایدا چاوی بە ڤلادیمێر پووتن سەرۆكی رووسیا و گەورە بەرپرسانی ئەو وڵاتە كەوت و باسی پەرەسەندنەكانی دۆخی سووریا و عێراق و یەمەن و لبنانیان كرد.

شایەنی گوتنە نەتەوە یەكگرتووەكان لە 2007 بەپێی بڕیاری ژمارە هەزار و 747 ناوی قاسم سلێمانی و ژمارەیەك بەرپرسی تری ئێرانی خستە ناو لیستی سزای نێودەوڵەتی بە قەدەغەكردنی گەشتكردنی بەهۆی پێوەندییان بە پڕۆگرامی مووشەكی و پەرەپێدانی مووشەكەكانی كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمیان هەبێت.

هەروەها لە 24ی حوزەیرانی 2011 یەكێتی ئەوروپا ناوی هەریەك لە قاسم سلێمانی فەرماندەی فەیلەقی قودس و محەمەد عەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سوپای پاسداران و حوسێن تائیب بەڕێوەبەری هەواڵگریی سوپای پاسدارانی خستە ناو لیستی سزاكان بەهۆی دابینكردنی چەك بۆ رژێمی سووریا بۆ سەركوتكردنی شۆڕشی ئەو وڵاتە.

Back to top button