سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە وەزیری دەوڵەتی هەنگاریا دەکات.
![](https://xwakurk.com/wp-content/uploads/2021/03/مهسرور-بارزانى-لهگهڵ-وهزيرى-دهولهتى-ههنگاريا.jpg)
ئەمڕۆ سێشەممە 2021/3/9 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ، پێشوازی لە تریستان ئەزبێج وەزیری دەولەتی هەنگاریا بۆ هاوکاریکردنی کریستیانە ستەملێکراوەکان کرد.
لە دیدارەکەدا وەزیری دەولەتی هەنگاریا ، ستایشی هەرێمی کوردستانی کرد کە نموونەیەکی گەشەداری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانەی ئاینی و نەتەوەییە لە ناوچەکەدا ، میوانداری سەدان هەزار ئاوارە و پەنابەری کردووە لە نێویشیاندا مەسیحییەکان . سوپاسی هێزی پێشمەرگەشی کرد کە قوربانییەکی زۆریاندا لە پێناو پاراستنی مەسیحییەکان وپێکهاتەکانی دیکە لە کاتی شەڕی داعشدا.
وەزیری دەولەتی هەنگاریا ، هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ سەرخستنی سەردانی پاپای ڤاتیکان و ئەو پێشوازییە گەرمەی لە هەرێمی کوردستان لێیکرا.
سەرۆکی حکومەت ، سوپاسی هاوکاری وپشتیوانیی هەنگاریای کرد لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەولەتی دژ بە داعش و خۆشحاڵیی خۆی بە پەرەپێدانی هەمەلایەنەی پەیوەندییەکان لە گەڵ هەنگاریا دەربڕی.