زكری مووسا:ماڵپەڕێكی جنێوفرۆش بە بێ مۆڵەت بابەتەكەی منی بردووە و لای خۆی بڵاو كردووەتەوە

زكری مووسا نووسەر و رۆژنامەنووس لەبارەی بردنی بابەتێك بەبێ موڵەت لەلایان ماڵپەرێكی جنێوفرۆش دەنووسێت”دوێنێ شەو لە دوو خاڵدا نووسینێكی كورتم بڵاو كردەوە لەسەر جیاوازیی نیوان مامەڵەی دەستەڵاتدارانی عێراق لەگەڵ كورد و مامەڵەی لایەنە كوردییەكان لەگەڵ یەكتر. دیارە ماڵپەڕێكی جنێوفرۆش بە بێ مۆڵەت بابەتەكەی منی بردووە و لای خۆی بڵاو كردووەتەوە. لام سەیر بوو ماڵپەڕێك كە بەردەوام كاری لەسەر برەودانی دوژمنایەتی و ڕق و درودەلەسە و بەدڕەوشتیی سیاسی كردووە بۆ دەبێ ئەم نووسینەی من بڵاو بكاتەوە؟

هەروەها زكری مووسا دەشنووسێت” ئەوەی نووسیومە كرۆكی سیاسەتی سەرۆك بارزانی بووە لە ماوەی ژیانی سیاسیی خۆیدا كە هەمیشە جەختی لەوە كردۆتەوە پێویستە لایەنە سیاسییە كوردییەكان شوێنكەوتووی گوتارێكی نیشتیمانی و ستراتیژیی هاوبەش بن. بە سەدانجار لە كۆبوونەوە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان هەمیشە داوای ئەوەی كردووە با جیاوازیی بیروبۆچوون هەبێت بەڵام پێویستە هەموومان شوێنكەوتووی كۆمەڵێك بنەما و پڕەنسیپ و هێڵی گشتیی نیشتیمانی و كورستانی بین. لە هەموو گەڕەكانی هەڵبژاردن ئەوە سەرۆك بارزانی بووە لەپێناو یەكڕیزی و پێكەوەیی لە ئیستحقاقاتی هەڵبژاردن بۆ پارتی خۆش بووە و لەبەرانبەر لایەنەكانی تر نەرمی نواندووە. بە دەیانجار بە لایەنە كوردییەكانی سووریای ڕاگەیاندووە بە یەكەوە بن و سیاسەتێكی هاوبەشتان لەبەرانبەر حكوومەتی سووریا یان ئۆپۆزیسیۆن هەبێت ئێمە بە هەموو توانایەك پشتیوانیتان دەكەین. سەرۆك بارزانی ڕیفراندۆمی كرد بۆ ئەوەی هاودەنگیی نیشتیمانیی لەناو گەلی كوردستاندا دروستببێ كەچی بینیمان چۆنچۆنی ناپاكی لە دەنگی گەل و خاك كرا.
هەر لەروونكردنەوەكەی زكری مووسادا هاتووە” ویستی بڕوابەخۆبوونی نەتەوەیی لەناو ناخی كورددا دروست ببێ و داگیركەران بە بچووك و پەرتەوازە سەیری گەلی كورد نەكەن. بەڵام بینیمان بە داخەوە هەندێ لایەن چۆن وەڵامی ئەو تێڕوانینە ستراتیژی و ڕاست و دروستەی سەرۆك بارزانیان دایەوە”.
لەبارەی رێنمایەكانی سەرۆك بارزانی لە كتێبی بۆ مێژوو دا زكری مووسا دەنووسێت” ئەوە سەرۆك بارزانییە لە كتێبی بۆ مێژوودا بە ڕۆڵەكانی كورد دەڵێ پشت بە خۆتان و خودای خۆتان ببەستن. بەڵێ ئەمە ڕێگە ڕاستەكەیە، نەك ئەوەی تەنیا مەسلەحەتی شەخسی و ڕق و بوغزەكانت ببینی و بە خوێنساردی خاك بفرۆشی و موئامەرە لە هاوزمانانت بكەی و دڵی نەیار و داگیركار خۆش بكەی.
Back to top button