پارێزگای هەولێر: هیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بە 11ی ئادار ئەنجامنادرێت
پارێزگای هەولێر پەیامێکی بەبۆنەی رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970 و ساڵیادی راپەڕین و رزگارکردنی هەولێر بڵاوکردەوە، تێیدا پیرۆزبایی ئاراستەی خەڵکی کوردستان بە گشتی و هەولێر بەتایبەتی کردووە و ئاماژە بەوەش کراوە، ئەمساڵ هیچ رێوڕەسمێکی تایبەت بە بۆنەکانی 11ی ئادار ئەنجامنادرێت.
دەقی راگەیێندراوی پارێزگای هەولێر:
بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەرین و ڕزگارکردنی هەولێر
جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر
به بۆنهی ساڵیادی رێككهوتننامهی (11ی ئازاری 1970) و ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێر، پیرۆزباییهكی گهرم ئاراستەی سەرجەم كوردستانیان بەگشتیی و جەماوەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی دهكهین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان دادهنوێنین و سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ خانهواده و كهسوكاری سهربهرزی شههیدان.
ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە ڕەواكانیدا تێدەپەڕێ کە ئەویش واژووكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە کە وهك بهڵگهنامهیهكی مێژوویی گرنگ، سهنگ و كاریگهری خۆی ههبوو بهسهر رهوتی بزاڤی رزگاریخوازی نهتهوهییمان بهگشتیی و مێژووی كورد بەتایبەتی لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حكوومەتی ئەوسای عێراق، هەروەها یادی (30) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێرە، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و بەر لە30 ساڵ و لەیادی پڕشکۆی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، تەواوی چین و توێژەكانی هەولێر و دەوروبەری بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی كوردستان، هەولێری هەردەم سەربەرز و خۆڕاگر بەپیر و لاو و ئافرەتان بە یەك ئاراستە و یەك دەنگ، دژ بە دڕندەترین رژێم و سوپای داگیركەری كوردستان ڕاپەرین و بەچەند كاتژمێرێكی کەم تەواوی مۆڵگەی سەربازی و ئەمنی و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسیان پاككردەوە و هەولێری قەڵا و منارە تاجی سەركەوتنی ڕاپەرینی لەسەرنا.
لەم دوو یادە شكۆدارەدا، کە یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار و ڕاپەرینی جەماوەی شاری هەولێری خۆشەویستە، دووپاتی دهكهینهوه وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی بهردهوام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاوڵاتییانی، دڵنیاشیان دەکەینەوە، ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرین دەكەین بە هەوێنی كاركردنمان لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلەکەمان و دابینكرنی ژیانێكی شایستە و بەختەوەر بۆیان.
وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد و بۆنە نهتهوهیی و نیشتیمانییەکانی ئازار، داوای لێبوردن لەهەموو لایەک دەکەین کە بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو دۆخە هەستیارەی لەئارادایە، بۆ ئەمساڵ هیچ مەراسیم و ڕێورەسمێکی تایبەت بەم بۆنانەوە ئەنجامنادرێت، بۆیە داواکارین لە لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خۆشەویستی شارەکەمان هاوکارمان بن و پابەندبن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک قەدەغەیە.
جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی یازدەی ئازاری 1970 و ڕاپەڕین و ڕزگاركردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان.
بژی کورد …. بژی کوردستان
پارێزگای هەولێر
2021.3.10